عێراقچی لە نەجەف تاوتوێی ئامادەسازییەكانی پێشوازیكردن لە تەرمی خامنەیی دەكات

:: PM:07:27:29/06/2026 ‌

بریارە بەر لە بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە شاری مەشهەد، لەسەر وەسیەتی خۆی بهێنرێتە نەجەف و كەربەلا، بۆیە بڕیارە لە 8ی تەمووزی داهاتوو تەرمەكەی بهێنریتە عێراق، ئەمڕۆ دووشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی سەردانەكەی بۆ عێراق گەیشتە نەجەف بۆ ئاگەداربوون لە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی خامنەیی.

ئەمڕۆ عێراقچی لە میانی سەردانەكەی بۆ عێراق، چاوی بە یووسف كناوی پارێزگاری نەجەف كەوت و تاوتوێی رێوڕەسمی پێشوازیكردنیان لە تەرمی رابەری پێشووی ئێران كرد، لە دیدارەكە وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی هەڵوێستی عێراق و مەرجەعیەتەكان و خەڵكی نەجەفی كرد بۆ پاڵپشتییان بۆ گەلی ئێران و هاوكاریی دەسەڵاتی ناوخۆیی پارێزگای نەجەف بۆ سەرخستنی رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی رابەری باڵای پێشووی ئێران.

ئەمڕۆ دووشەم حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، سەبارەت بە هێنانی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای پێشووی ئێران بۆ نەجەف و كەربەلا، حكوومەتی عێراق بە داوایەكی ئێران بۆ هێنانی تەرمەكەی بۆ عێراق لە 8ی تەمووزی داهاتوو رازی بووە.

هەفتەی رابردوو لیژنەی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی خشتەی رێوڕەسمەكەی بڵاو كردەوە، كە لە 4ی تەمووزی داهاتوو دەست پێ دەكات و تاران و قوم دەگرێتەوە، دوای تەوابوونی رێوڕەسمی خواحافیزی لە تەرمەكەی لە ئێران، لە 8ی تەمووز دەهێنرێتە نەجەف و كەربەلا، كە هێشتا وردەكاریی رێوڕسمەكە لە عێراق رانەگەیەندراوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی، بڕیارە وردەكاریی رێوڕەسمی هێنانی تەرمی خامنەیی بۆ نەجەف و كەربەلا ئەم هەفتە بێتە راگەیاندن، كە پێشبینی دەكرێت میلیشیاكانیش بەشداری تیادا بكەن، لەوانە كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا، لەپاڵ هێزەكانی پۆلیس و سوپای عێراق.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل