ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران پێشکەش بە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا دەکەن.
بەرپرسەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عەرەبییەکان ڕوونی کردەوە کە پێشکەشکردنی ئەو ڕاپۆرتە هەر ئەمڕۆ دەبێت و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجام دەدرێت.
پێشتر لەمڕۆ دووشەمدا کۆشکی سپی ئاشکرای کردبوو، بڕیارە سبەی سێشەم، ویتکۆف و کوشنەر بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو لەبارەی ئێران بکەن کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە دەچێت.
کەناڵی "فۆکس نیوز" لە زاری کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە گواستیەوە کە دانوستانە تەکنیکییەکان لەگەڵ ئێران، لە پەراوێزی گفتوگۆ ئاستبەرزەکاندا بەڕێوە دەچن.
لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە تاران داوای کردووە کۆبوونەوەیەک ڕێک بخرێت، کە سبەی لە دەوحە بەڕێوە دەچێت. ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیال" دووپاتی کردەوە کە "ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی تر لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەی ئاشکرا بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئاماژەی بەوە دا کە تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وڵات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە دەوحە کۆ دەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە کە تیمەکان ئەرکی بەدواداچوونیان پێ سپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتەکە، و نێوەندگیرەکانیش کەناڵی پێوەندیی تایبەتیان دروست کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو لا.