بەرەبەیانی دوێنێ هێزە تەناهییەكانی عێراق هەڵمەتێكیان بە ناوی "فەجر"، بۆ گرتنی ژمارەیەك تۆمەتباری تێوەگلاو لە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی دەست پێ كرد و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و پەرلەمانتاریان گرت، ئەمڕۆ هەریەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی پاڵپشتییان لە هەڵمەتەكە راگەیاند.
ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا لە ماڵی عەبدولحوسێن مووسەوی وەزیری تەندروستی و سەرۆكی هاوپەیمانی نەهجی وەتەنی كۆبوونەوەیەكی خوولی و ئاسایی خۆی ساز كرد، ئەوان تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد.
سەیف مەنسووری سەركردە لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە ئاماژە دەكات كە دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بڕیارێكی سیاسیی پاڵپشتیكراوە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی تەواوی بۆ جووڵانەوە لەو دۆسیەدا پێ دراوە، روونی كردەوە، هەڵدانەوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوت رێخۆشكەرە بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی تریش.
ئاماژەی كرد، دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە رووی گرنگییەوە هیچی لە دۆسیەی هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت كەمتر نییە، هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە پاڵپشتی لە هەڵمەتەكە دەكات و داوای بەردەوامبوونی دەكات، لە ساڵانی رابردوودا گەندەڵی كەڵەكە بووە و دۆسیەی زۆر هەن، گەندەڵی لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز و دزەی كردووەتە ناو كایەكانی دەوڵەت.
مەنسووری دووپاتی كردەوە، گەندەڵی زۆر ئەركی پەك خستووە و بووەتە مەترسی لەسەر سیستمی سیاسی و خاوەن بڕیارەكان درك بە مەترسیداریی ئەو قۆناغەی ئێستە دەكەن، بۆیە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەسەڵاتیان بە سەرۆك وەزیران داوە بۆ بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست لەوبارەوە.
ئەمە و هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، كە زۆرینەی هێزە سوننەكانی براوی هەڵبژاردن كۆ دەكاتەوە، ستایشی رێوشوێنەكانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بە هاوكاری لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری بۆ راوەدوونانی تۆمەتباران بە گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتیی دەوڵەت كرد، دووپاتی لە پاڵپشتیكردن لە هەموو هەنگاوەكانی پێویست بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی دامەزراوەیی و پاراستنی سەروەریی وڵات و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت كردەوە.