بەرەبەیانی دوێنێ هەڵمەتێكی فرەوانی بۆ گرتنی ژمارەیەك تۆمەتبار بە گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كرد، ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتار و كارساز گیران و هەندێكیان هەڵاتن و دەست بەسەر بڕێكی زۆر پارەی ئەوان گیرا، توێژەرێك ئاماژە دەكات كە واشنتن وەك هەنگاوێكی پێویست بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق سەیری هەڵمەتی دوایی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكات.
دێڤید دیس رووش توێژەر لە ناوەندی رۆژهەڵاتی نزیك و باشووری ئاسیا بۆ توێژینەوە تەناهییەكان و بەرپرسی پێشوو لە سیاسەتەكانی بەرگری لە نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دەڵێت، ئەمەریكا خواستی رانەگەیەندراوی هەیە بە پێویستیی دوورخستنەوەی چەند كەسایەتییەكی سیاسی و تەناهی پێوەندیدار بە تاران لە گۆڕەپانی عێراق.
روونی كردەوە، واشنتن بە بەردەوام سەیری بابەتی تەشەنەكردنی گەندەڵی لە عێراق كە ئێران پاڵپشتی لێ كردووە، وەك بەربەستێكی راستەقینە لەبەردەم بوونی پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان عێراق و ئەمەریكا دەكات، ئەوەش بەهۆی میلیشیاكانی ئاراستەكراو لە لایەن ئێران كە حكوومەتی عێراق پارەداریان دەكات و تەحەدای خواستی دەوڵەت دەكەن، وەك دەوڵەتێكی سەروەریی ناتەواو سەیری عێراق دەكرێت، بۆیە هەر جموجۆڵێك خواستی راستەقینە بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی و توندوتیژی لە عێراق پێشان بدات، پێشوازییەكی گەورەی لە واشنتن لێ دەكرێت.
ئەو توێژەرە ئاشكرای كرد كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە رژدی سەیری ریشەكێشكردنی چالاكییە خراپەكارییەكانی لایەنەكانی پێوەندیدار بە ئێران دەكات و لە دوای لاوازبوونی حزبوڵای لبنانی، ئێستە میلیشیاكانی عێراق كارەكتەری بەهێزی ئێرانن، بۆیە كتوپڕ نابێت ئەگەر ئەمەریكا لیستێك بە ناوی كەسانی سیاسی و لە دەزگا تەناهییەكان دیاری بكات كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكەن، واشنتن بە بەغدا دەڵێت، ئەگەر دەتەوێ ببیە حكوومەتێكی بە متمانە، پێویستە بە لایەنی كەم ئەو كەسانە نەخەیتە ناو دەسەڵات و لەوەش باشتر لە رێگەی دادگاوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.