ئاڤێستا مام یەحیا پەرلەمانتاری كورد لە عێراق ئاشكرای دەكات، تا ئێستە 48 كەس لە دۆسیەكانی گەندەڵی گیراون، نزیكەی ملیارێك دۆلاریش گەڕێنراوەتەوە و تەنیا لە یەك ماڵی تۆمەتبارە گیراوەكان، بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار زێڕ هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەم 30ی حوزەیران، كەناڵی حەدەس لێدوانێكی ئاڤێستا مام یەحیای بڵاو كردووەتەوە كە دەڵێ، "دەستەی دەستپاكی عێراق باسی لەوە كردووە، تەنیا لە بەغدا 50 دۆسیەی گەندەڵی كراوەتەوە و دۆسیەكانیش وەزارەتە سیادییەكانی وەك ناوخۆ و بەرگریش دەگرێتەوە".
لە بەشێكی تری قسەكانی ئاڤێستا دەڵێ، "تا ئێستە 48 تۆمەتبار گیراون، نزیكەی ملیارێك دۆلار و بڕێكی زۆر زێڕ و خانووبەرە دەستیان بەسەر داگیراوە". وەك نموونەیەك ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەكات لە ماڵی یەكێك لە تۆمەتبارەكان، دوو گەنجینەی زێڕ دۆزراوەتەوە كە بەهای زێڕەكە نزیكەی 250 ملیۆن دۆلار دەبێت.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو رۆژ لەمەوبەر هەڵمەتێكی راگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دوێنێش دووپاتی كردەوە ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت.