ڕووسیا 419 درۆنی ئۆكراینی خستە خوارەوە

:: AM:11:01:30/06/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەم بڵاوی كردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەكەی شەوی ڕابردوو، توانیویانە 419 درۆنی ئۆكراینی لە ئاسمانی ناوچە جیاجیاكانی رووسیا بخەنە خوارەوە.

لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، لە سەعات هەشتی ئێوارەی دوێنێ 29ی حوزەیران/یۆنیۆ تا سەعات حەوتی بەیانی ئەمڕۆ 30 حوزەیران/یۆنیۆ، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تەواوی هەرێمەكانی ڕۆژئاوای رووسیا، چالاك بوون و بەرپەرچی هێرشەكانی ئۆكراینایان داوەتەوە.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە كە لەو ماوەیەدا بەرگریی ئاسمانی، توانیویەتی 419 درۆنی ئۆكراینی لە ئاسمانی هەرێمەكانی بیلگۆرود و بریانسك و ڤلادیمێر و ڤۆلگۆگراد، ڤۆرۆنیگ و كالۆگا و كۆرسك و ئۆریۆل و ریازان و لیبیتسل و رۆستۆڤ و ساراتۆڤ و سمۆلینسك و تامبۆڤ و تڤیر و تۆلا و مۆسكۆ و كراسنۆدار و نیوچە دوورگەی كریمیا بخاتە خوارەوە.

لەلایەكی ترەوە سێرگی سوبیانین والی مۆسكۆ ئاشكرای كرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پایتەخت شەش درۆنی ئۆكراینییان خستە خوارەوە كە لە ئاسمانی مۆسكۆ بینراون، بە گشتیش 56 درۆن ئاراستەی مۆسكۆ كرابوون و ئەوانەی تر بەر لە گەیشتنیان بۆ ئاسمانی شارەكە، لە رێگە خراونەتە خوارەوە.

لە بەرانبەر هێرشە بەردەوامەكانی ئۆكراینا بە درۆن، لەسەر زەویش هێزەكانی رووسیا بەردەوامن لە پێشڕەوی و شارۆچكەیەكی تریان بە ناوی بۆگۆدارۆڤكای سەربە ناوچەی دنیبرۆپترۆڤسك لە ئۆكراینا داگیر كردووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د