ماڵپەڕی مۆنیتۆر:
زێدان وەك پاشای عێراقە
زێدان یەكێكە لە كەسە دیارەكانی دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ حكوومەتی ترەمپ
زێدان بوو چەقبەستوویی سیاسی پێكهێنانی حكوومەتی لەناو برد و لە دانانی زەیدی هاوكار بوو
لە هەڵمەتەكە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكی هاوكار بووە
ماڵپەڕی مۆنیتۆری ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا دەڵێ، لە هەڵمەتەكەی زەیدی دژ بە گەندەڵكاران، فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رۆڵی هەیە و دەشڵێ، "زێدان بە پاشای عێراق وەسف دەكرێت". هەمان ماڵپەڕ ئاشكرایشی دەكات كە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكی لە هەڵمەتەكەی زەیدی هاوكار بووە.
ئەمڕۆ سێشەم 30ی حوزەیران، ماڵپەڕی
مۆنیتۆری ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، ئەو هەڵمەتەی عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستی پێ كردووە، تەنیا یەكەم قۆناغە و دواتریش بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی راپۆرتەكە، نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكی كە بە كورتكراوەی "FBI" دەناسرێت، لە هەڵمەتەكەدا هاوكار بووە و زانیاری لەسەر ئەو كەسانە بە حكوومەتی عێراق داوە كە پێوەندییان بە ئێران و میلیشیاكانی هەیە.
بەشێكی راپۆرتەكە تەرخان كراوە بۆ باسكردنی رۆڵی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق. دووپاتی ئەوە دەكرێتەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەر ئەو هەڵمەتە تایبەتەی دژ بە گەندەڵی بەڕێوە دەبات، سەرۆكی ئەنجوومەنەكەیش ئێستە لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەكان بە "پاشای عێراق" ناو دەبرێت، بەهۆی ئەو هەژموونە زۆرەی كە لە گۆڕەپانی عێراق هەیەتی.
لەوانە زێدان رۆڵێكی گاریگەریی هەیە لە دروستكردنی كەناڵەكانی پێوەندی لەگەڵ حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ، بەشێوەیەك ماركۆ رۆبیۆ پێشتر ستایشی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كردووە بۆ ئازادكردنی كچە رۆژنامەنووسە ئەمەریكییەكە بە ناوی شیلی كیتلسۆن كە لە نیسانی رابردوو رفێنرابوو. جیا لەوەیش زێدان رۆڵی هەبووە لە نەهێشتنی چەقبەستوویی سیاسی كە بەر لە پێكهێنانی حكوومەت هەبوو، هەروەها بەشدار بوو لەوەی عەلی زەیدی بە سەرۆكایەتیی حكوومەت بگات.
ریناد مەسنوور بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە دامەزراوەی چاتەم هاوس باسی لەوە كردووە، لەگەڵ دەركەوتنی حكوومەتە نوێیەكان، جۆرێك لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەدی دەكرێت، ئەمەیش بە دوو ئامانج، یەكەمیان ئەوەیە لایەنگرانی حكوومەتی پێشوو لە دەسەڵات دوور بخاتەوە، دووەمیشیان پەیامێك بە جەماوەر دەدات كە ئەو حكوومەتە جیاوازە لەگەڵ حكوومەتەكانی پێشوو.
بەرەبەیانی رۆژی یەكشەمی رابردوو، هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا، هەڵیانكوتایە سەر ماڵی ئەو بەرپرسانەی كە بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكرێن و بەگوێرەی زانیاری فەرمی، تا ئێستە 47 كەسی تۆمەتبار گیراون.