ژمارەیەك جاش لە رۆژهەڵاتی كوردستان سزا دران

:: PM:01:19:30/06/2026 ‌
گەنجانی نیشتمانپەروەریی كوردستان ڕای گەیاند، لە پاوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژمارەیەك جاشیان سزا داوە كە لە دژی گەل كاریان كردووە، ئەوە لە كاتێكدایە كۆمەڵە و دیموكراتیش دەڵێن، ئەوان سزای جاشەكانیان داوە.

گەنجانی نیشتمانپەروەری كوردستان لەبارەی سزادانی ژمارەیەك جاش لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە بەم جۆرەیە:

"لە ٢٩ـی حوزەیران، تاقمێكی جاش كە ساڵانێكە دژی گەل و گەنجانی وڵاتپارێز كار دەكەن، دەستیان لە شەهیدكردنی گەریلادا هەبووە و دەستیان سوورە بە خوێنی گەل، كرانە ئامانج و لەناو بران.

لەناو ئەم تاقمەدا، دوو جاش بە ناوەكانی خالید نیا و بورهان كریسانی سزا دران، هەروەها دوو جاشی تر بە سەختی بریندار كران كە یەكێكیان ناوی سیروسە.

ئەم تاقمە بەردەوام دژی گەل و گەریلا و پێشمەرگە كاریان كردووە و دەستیان لە چەندان ڕووداودا هەبووە، ئەم تاقمە بەتایبەت دەستیان هەبووە لە شەهیدكردنی سێ گەریلای ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوەكانی شەهید نوعمان فارقین و مونزوور و ئارگەش.

وەك گەنجانی نیشتمانپەروەری كوردستان دووپاتی دەكەینەوە، چالاكیی سزادانی ئەم تاقمە، بۆ تۆڵەسەندنەوەی گەلەكەمان و شەهیدكردنی ئەو گەریلایانەیە كە بە دەستی ئەم جاشانە ئەنجام دراون.

لەم ڕاگەیەنراوەدا جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە، هەندێك لایەن كە هیچ پێوەندییەكیان بەم ڕووداوەوە نەبووە، چالاكییەكەی ئێمە لە ژێر ناوی خۆیاندا بڵاو دەكەنەوە، بەمەش گەل و ڕای گشتی چەواشە دەكەن؛ بۆیە هۆشدارییان پێ دەدەین كە دەست لەم كارانە هەڵبگرن.

راگەیاندنی نزیكی كۆمەڵە و دیموكرات باس لەوە دەكەن، هێزەكانیان لەو لە رۆژهەڵاتی كوردستان جاشەكانیان سزا داوە، چالاكیی دژی رژێم بەردەوامە و چەندان پاسداریشیان كوشتووە."

ئەم چالاكییە لەلایەن گەنجانی نیشتمانپەروەری كوردستان، گەنجانی شاری پاوەوە ئەنجامدراوە. ئەو لایەنانەی ئەم چالاكییە دەدەنە پاڵ خۆیان، هیچ پێوەندییەكیان بە چالاكییەكەوە نییە، پێویستە ڕای گشتی و گەلەكەمان باوەڕیان پێ نەكەن”.

ئەمە لە كاتێكدایە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، گرووپێك بەناوی (خۆری هیوا) بەرپرسیارێتی ئەو چالاكییەیان خستبووە ئەستۆی خۆیان، بەڵام گەنجانی نیشتمانپەروەریی كوردستان ئەم هەواڵە بە چەواشەكاریی ناو دەبەن و بەدرۆیان دەخەنەوە.



وشە - سۆران عەزیز