لە بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵمەتێكی فرەوانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەست پێ كرد، لە بەغدا و چەند پارێزگایەك دەست بە گرتنی ژمارەیەك تۆمەتباری دۆسیەكانی گەندەڵی كرا، لەوانە سیاسەتوان و پەرلەمانتار و كارساز، بەشێكیان گیران و بەشێكیان هەڵاتوون و دەست بەسەر پارە و سامان و موڵكوماڵیان گیراوە، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە زەیدی سەركردە سیاسییەكانی لە نێوان گرتن و رادەستكردنی پارە بردراوەكان سەرپشك كردووە.
پۆڵ دیڤیس مامۆستا لە پەیمانگەی سیاسەتی دنیایی و بەرپرسی پێشوو لە ئاژانسی بەرگریی ئەمەریكا دەڵێت، هەڵمەتی گرتنی دوایی عێراق، هەنگاوێك بوو ساڵانێكە ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانیان دەكرد، ساڵانێكە گەندەڵی یەكێكە بە گەورەترین بەربەستەكانی بەردەم پەرەسەندنی پێوەندییەكانی واشنتن و بەغدا، جیا لەوەی هۆكارێكی سەرەكی لاوازكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق بووە.
روونی كردەوە، بەر لە هەڵمەتەكە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان كۆ بووەتەوە و داوای لێ كردوون بە پێویستیی گەڕاندنەوەی ئەو پارەی گومان هەیە بردوویانە، ئەگەر ئەو كارە نەكەن فەرمانی گرتنی تێوەگلاوان دەردەكات، بۆیە جومۆڵەكانی دوایی زەیدی بەرجەستەی پابەندیی زەیدی بە بەڵێنەكانی دەكات لەوەتەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، هەرچی واشنتنە چاوەڕوانی رێوشوێنەكانی دەكات وەك تاقیكردنەوەیەك بۆ توانای حكوومەتی عێراق لە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و گەڕاندنەوەی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دێڤیس پێی وایە سەركەوتنی هەڵمەتەكەی زەیدی گوڕوتینێكی گەورە بە حكوومەتەكەی لە ناوخۆی عێراق و بەهێزی پێگە و دەسەڵاتەكەی لای ئەمەریكا و هاوبەشەكانی عێراق بە توانای بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی راستەقینە دەبەخشێت، هاوكات شكستهێنانی، گومانی كۆن لەبارەی بێتوانایی دەوڵەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تۆڕە دەسترۆیشتووەكانی گەندەڵی دووپات دەكاتەوە.