بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەم دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لەسەر ئاستی باڵا و تەكنیكی لەبارەی گەرووی هورمز و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی دوایی دەست پێ بكات، بەڵام تا ئێستە نەكراوە، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وەڵامی هەر پێشێلكارییەك دەدەنەوە و لە دۆحە راستەوخۆ چاویان بە ئەمەریكییەكان ناكەوێت.
ئەمڕۆ سێشەم
ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، هیچ پلانێك بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكییەكان لە دۆحە نییە، هیچ پلانێك بۆ ئەو جۆرە دیدارانە لە ماوەی ئەم هەفتەیە نەبووە، بۆیە شتێك نییە ناوی پاشەكشەكردن بێت، سبەی چوارشەم شاندی ئێران لە دۆحە لەگەڵ لایەنی قەتەری و لەبارەی جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو دانوستان دەكات، لەوانە بڕگەی تایبەت بە ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران.
بەقائی هێرشەكانی دوایی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بە پێشێلكردنی بڕگەی یەكەمی یاداشتی لێكگەیشتنی نێوانیان لەقەڵەم دا و دووپاتی كردەوە كە هەر پێشێلكارییەك بێ وەڵامدانەوەی تێپەڕ نابێت، پابەندنەبوونی ئەمەریكا و بەردەوامبوونی هێرشەكانی بە نەرێنی كار لە پرۆسەی دانوستان دەكات، بۆیە ئێران چاودێریی پابەندی ئەمەریكا بە بەڵێنەكانی دەكات و پابەندیی ئێمە بەرانبەر بە پابەندیی ئەوانە.