لە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو چەند هەنگاوێكی لەبارەی چاكسازیی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەست پێ كرد، سەرەتای ئەم مانگە چەند تۆمەتبارێك بە گەندەڵی گیران و لەسەر بنەمای ددانپێدانانیان دۆسیەی تری گەندەڵی كرانەوە و تۆمەتباری تر گیران و دەست بەسەر بڕێكی زۆری پارە و موڵكوماڵدا گیرا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گەڕاندنەوەی بڕە پارەیەكی تری راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق گەڕاندنەوەی بڕی 19 ملیار دينار لە دۆسیەیەكی گەندەڵی دارایی لە هێڵی ئاسمانیی عێراق راگەیاند، گەندەڵییەكە پێوەست بووە بە یاریكردن بە كەشفی دارایی هێڵی ئاسمانیی عێراق، لە بەسرەش ئەمڕۆ سێشەم سەرچاوەیەك گرتنی بەرپرسێكی باڵای كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باشووری پێوەست بە ددانپێدانانەكانی عەدنان جومەیلی بریكاری گیراوی وەزارەتی نەوت دووپات كردەوە، بەپێی
سەرچاوەكە مونتەزەر كازم حالووب یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باشوور لە لایەن هێزێكی تەناهییەوە گیرا.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكیش تا ئێستە لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵ دەست بەسەر 40 ملیۆن دۆلار و 100 ملیار دینار گیراوە، جیا لە پارە دەست بەسەر بڕێك زێڕ و موڵكوماڵ و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و چەك گیراوە، لەو هەڵمەتەی كە بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو لەسەر بنەمای ددانپێدادانەكانی عەدەنان جومەیلی دەستی پێ كرد و وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی كرد كە بەردەوام دەبێت.