یەكێك لەو شەڕانەی ئیسرائیل لە دوای هێرشەكەی حەماس تا ئێستە لە لبنان دەیكات، بۆ لاوازكردنی حزبوڵای لبنانییە، كە بەهێزترین باڵی سەربازیی ئێرانە لە ناوچەكە و لە نزیك سنوورەكانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە لە ماوەی چەند هەفتەی دوایی نۆ هەزار چەكداری حزبەكەیان لەناو بردووە.
وەك
میدیاكانی ئیسرائیل گواستییانەوە، نەتنیاهۆ لە میانی سەردانیكردنی سوپای وڵاتەكەی لە باشووری لبنان بە هاوەڵی ئیسرائیل كاتس وەزیری بەرگری، ئاماژەی كرد كە لە ماوەی چەند هەفتەی دوایی نۆ هەزار چەكداری حزبوڵایان كوشتووە، دووپاتی كردەوە كە لە دوای هەڵمەتە سەربازییەكەی دژی ئەو حزبە كە هێشتا بەردەوامە، تەنیا 8%ی ئەمباری مووشەكیی حزبەكە ماوە.
نەتنیاهۆ ئاماژەی بۆ رێككەوتنی دوایی وڵاتەكەی لەگەڵ لبنان كرد بۆ دامەزراندنی چەند ناوچەیەكی ئارام و تاقیكاری لە باشووری لبنان و گوتی، مەبەست لە دروستكردنی ئەو ناوچانە لە باشووری لبنان دوورخستنەوەی مەترسییەكانە لە باكوری ئیسرائیل.
بەپێی راپۆرتە ئیسرائیلییەكان، دوای ئەو گورزە گەورەانەی بە حزبوڵا كەوت، بەتایبەتی لەناوچوونی توانای سەربازی و شەڕوانییەكان و كەمبوونەوەی ژمارەی چەكدارانی، پەنای بۆ ئێران بردووە، ئێستە هەڵمەتێك لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران و ناوچە جیاجیاكانی ئێران بۆ كۆكردنەوەی شەڕوانی ئێرانی بۆ ریزەكانی حزبوڵا هەیە، بەتایبەتی كە راپۆرتەكان باسی كوژرانی زیاتر لە 10 هەزار چەكداری حزبەكە و برینداربوونی 20 هەزاری تر دەكەن.