فوئاد حوسێن: بەمنزیكانە زەیدی سەردانی وڵاتانی ناوچەكە دەكات

:: PM:07:31:30/06/2026 ‌

دوای ئەوەی عەلی زەیدی وەك سەرۆك وەزیرانێكی نوێی عێراق دوور لە هێزە سیاسییە كۆنەكان هاتە دەسەڵات، هەریەك لە ئەمەریكا و وڵاتانی دراوسێ و دنیا مامەڵەیەكی جیاوازی لەگەڵدا دەكەن، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە بەغدا پەیامێكی گفتوگۆی لە ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو بەدەست گەیشتووە، 

ئەمڕۆ جاسم محەمەد بدێوی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو سەردانی عێراقی كرد، كۆنگرەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ساز كرد، وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە بەغدا پەیامێكی كردنەوەی دەرگەی گفتوگۆی نوێ لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو بەدەست گەیشتووە، دووپاتی كردەوە كە لە سایەی ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر چەند وڵاتێك، ئەو قۆناغەی ئێستەی ناوچەكە هەستیارە. 

روونی كردەوە، بدێوی پەیامێكی لە سەركردەی وڵاتانی كەنداو گەیاندووە، داوای كردنەوەی دەرگەی گفتوگۆیەوكی فرەوان لە نێوان عێراق و ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو دەكەن، دووپاتی لەوە كردەوە كە عێراق پابەندە بە رێككەوتنە دووقۆڵییەكان و هەموو بڕیارە نێودەوڵەتییەكان، پابەندە بە رێزگرتن لە سەروەریی كوێت، ئاشكرای كرد كە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران ئامادەسازی بۆ سەردانیكردنی ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكە دەكات.

حوسێن ئاماژەی كرد كە پێوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی كەنداو گرنگە، حكوومەتی ئێستەی عێراق سیاسەتێكی روونی بە دوو ئامانجی سەرەكی گرتووەتە بەر، هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەموو توانایەكی خۆی ئاراستەی پەرەپێدان و بەهێزكردنی كەرتی ئابووری كردووە، ئەوەش بێ راكێشانی وەبەرهێنان نایەتە دی، دووپاتی كردەوە كە عێراق خواستی بەهێزكردنی هاریكاریی ئابوورییە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و پێشوازی لە هاتنی كۆمپانیاكانی ئەوان دەكات بۆ وەبەرهێنان لە عێراق.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل