لە بەرەبەیانی یەكەشەمی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی تۆمەتباران بە گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كرد، ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتار و كارساز گیراون و دەست بەسەر بڕێكی زۆر پارە و زێڕ و موڵكوماڵی ئەواندا گیراوە، لەوكاتەی ئاماژە دەكرێت كە ئەو ئەو هەڵمەتە بە هاوئاهەنگی حكوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بووە، سەرۆكی پەرلەمان دووپاتی كردەوە كە رێوشێنەكان هەموو تۆمەتباران دەگرێتەوە.
هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ ماڵپەڕی كەناڵی عەرەبییەی سعوودی گوتی، هەڵمەتی "فەجر"، لە دژی تۆمەتباران بە گەندەڵی گەورەترینە لە 2023ەوە، تا ئێستە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە تەناهییەكان و پاسەوانی بەرپرس و پەرلەمانتارە گیراوەكان رووی نەداوە، بەهۆی هەستیاریی رێوشوێنەكان، گرتنی ئەوان لە یەك كاتدا بووە.
روونی كردەوە، هیچ گەندەڵێك پارێزبەندی نییە و رێوشوێنەكان هەموویان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی بالای دادوەری گوێبیستی بووین لەبارەی قەبارەی ئەو گەندەڵییەی هەیە كارەساتە، بۆیە تەواوی تۆمەتباران بە گەندەڵی دەبردرێنە بەردەم دادگا و لە هەنگاوێكی مێژوویدا هەموو سەرۆكایەتییەكان لەسەر لابردنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارە تۆمەتبارەكان كۆك بوون.
سەبارەت بە داماڵینی چەك حەلبووسی گوتی، لە لایەن سەركردەی هێزە سیاسییەكانەوە ئەو بابەتە رێككەوتنی لەسەر كراوە، سەرۆكایەتییەكانیش لەسەر رەتكردنەوەی بوونی گرووپە چەكدارەكان لە دەرەوەی دەوڵەت رێك كەوتوون، ئاماژەی كرد كە لەپێناو ئێران ناچینە ناو ئاڵۆزی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بۆ وەزیری دەرەوەی ئێرانمان دووپات كردەوە كە مانەوەی میلیشیاكان هیچ مانایەكی نییە.
حەلبووسی زیاتر گوتی، پەرلەمان و حكوومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەكانیان لە خاكی عێراقەوە رەت كردووەتەوە، سەروەریی عێراق گرنگیی لەپێشینەی هەیە و عێراق بەرژەوەندیی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا و ئێرانیش هەیە، بۆیە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران رێوشوێن بەرانبەر بەو میلیشیایانە وەردەگرێت كە دانانی چەك رەت دەكەنەوە.