رۆژنامەوانێك: هیچ تۆمەتبارێكی گیراوی گەندەڵی ئازاد نەكراوە

:: PM:09:13:30/06/2026 ‌

دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو هێزە تەناهییەكانی عێراق هەڵمەتێكی فرەوانیان بۆ گرتنی ژمارەیەك تۆمەتبار بە گەندەڵی دەست پێ كرد و ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتار و كارسازیان گرت، ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە پەرلەمانتارێكی پێشووی گیراو كە كەسێكی نزیكی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووە ئازاد كراوە، رۆژنامەنووسێك ئەو هەواڵە رەت دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم ئەمین ناسر رۆژنامەوان لە پێگەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، ئەو هەواڵانەی باسی ئازادكردنی محەمەد سەیهوود پەرلەمانتاری پێشوو یان ئازادكردنی بە كەفالەتی هیچ تۆمەتبارێكی گیراو لەوانەی لە هەڵمەتەكەی بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو گیراون، راست نییە، تا ئێستە هەموو ئەوانەی گیراون رێوشوێنی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت.  

ئەمڕۆ سێشەم میدیاكانی عێراق ئاماژەیان كرد كە محەمەد سەیهوود پەرلەمانتاری پێشوو كە ئێستە بە تۆمەتی گەندەڵی گیراوە، بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەندروستیی بە كەفالەت ئازاد كراوە، ئەوە لەوكاتەی سەیهوود یەكێك بوو لەو بەرپرسانەی عێراق كە بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو لە لایەن هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی گیراوە، ئەو ئامۆزای محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل