حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوای دەستبەكاربوونی، كە هێشتا كابینەی حكوومەتەكە تەواو نەبووە، دەستی بۆ دوو دۆسیەی گرنگ برد، داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەگەرچی هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە ئەو دۆسیە پێوەندییان بە رازیكردنی ئەمەریكاوە هەیە، شارەزایەكی ئابووری وریایی لە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموونی حكوومەتەكانی پێشوو لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەدات.
ئەحمەد عید توێژەری ئابووری وریایی لە دووبارەكردنەوەی ئەزموونی حكوومەتەكانی پێشووی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەدات، هاوكات وریایی لە سازشكردن بۆ گەندەڵكاران و سزانەدانیان بەرانبەر بە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان دەدات، چونكە دەبێتە هۆی دەربازبوونیان لە سزا و دووبارەكردنەوەی تاوانەكە لە داهاتوودا.
روونی كردەوە، بابەتی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان زۆر گرنگە، چونكە پارەكە یان بەشێكی بۆ دەوڵەت و هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، بەڵام نابێت ببێتە شوێنگرەوەی دادوەری، چونكە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تەنیا بە قەبارەی ئەو بڕە پارە پێوانە ناكرێت كە دەگەڕێندرێتەوە، بەڵكو بە توانای دەوڵەت لە لێپرسینەوە لە تێوەگلاوانی گەندەڵی و ئەوانەی سامانی گشتی دەدزن بە رێگرتن لە دەربازبوونیان لە سزا دێتە پێوانەكردن.
عید ئاماژەی كرد، لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو تۆمەتباران بە دزینی سامانی گشتی ئازاد كران، جیا لەوەی هیچ بڕە پارەیەك نەگەڕێندرایەوە، لێپرسینەوە لەگەڵ تێوەگلاوان نەكرا كە زۆرینەیان عێراقیان جێ هێشت و تا ئەمڕۆ دۆسیەكانیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، بۆیە پێویستە جێبەجێكردنی رێوشوێنە دادوەرییەكان هاوتای پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان بێت، گەڕاندنەوەی پارەكان نەبێتە هۆكارێك بۆ لابردنی تۆمەت و سزاكانیان، چونكە پارە دزراوەكە هی دەوڵەت نییە و هی عێراقییەكانە، جێبەجێ نەبوونی دادوەری دەبێتە هاندانێك بۆ گەندەڵیی زیاتر لە داهاتوو بەهۆی نەبوونی بەرپەرچدانەوەیەكی یاسایی بۆ ئەو كارە.