قالیباف: تا جێبەجێكردنی مەرجەكانمان بەشداری لە دانوستان ناكەین

:: PM:10:31:30/06/2026 ‌

بڕیارە بوو ئەمڕۆ سێشەم لە دۆحە گەڕێكی تری دانوستانی ئێران و ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، بەڵام هەر ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە هیچ دانوستانێك ناكرێت و سبەی چوارشەم شاندە تەكنیكییەكانی هەردوو وڵات بە ناوەندگیریی قەتەر و پاكستان ناراستەوخۆ دانوستان دەكەن، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دووپاتی كردەوە كە تا جێبەجێكردنی مەرجەكانیان بەشداری لە دانوستان ناكەن.

ئەمڕۆ محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران رای گەیاند كە ئەو كۆبوونەوانەی ئێستەی ئێران لە قەتەر وەك پابەندیی تارانە بە یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بەشداری لە هیچ گەڕێكی تری دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا ناكات تا كاتی جێبەجێكردنی مەرجەكانی لە یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراودا هاتووە، ئاماژەی كرد كە هەریەك لە تاران و واشنتن و بەیرووت لیژنەیەكیان بۆ كۆتاهێنانی شەڕ لە لبنان پێك هێناوە.

قالیباف دووپاتی كردەوە كە ئەگەر پابەندییەكان جێبەجێ نەكرێن، ئێران بۆ شەڕ ئامادەیە، هەنێك لایەن هەوڵ دەدەن بە رێوشوێنەكانی ئێران لە گەرووی هورمز پابەند نەبن، بۆیە شتێكی ئاساییە ئێران وەڵامی هەبێت، ئەو گەمارۆ دەریاییەی خرایە سەر ئێران لەخۆیدا شەڕێك بوو و بەپێی یاداشتەكە لادرا، ئەمەریكا بەڵێنی كۆتاهێنانی بە شەڕی لبنان داوە، بۆیە تاران كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنە دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل