ئەمەریكا هێز لە ڤەنزوێلا بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:32:01/07/2026 ‌
سوپای ئەمەریكا ژمارەی هێزەكانی لە ناوخۆی ڤەنزوێلا و دەوروبەری زیاتر كرد، هۆكاری ئەمەیش بۆ بەشداری هێزەكانی ئەمەریكا لە هەڵمەتەكانی گەڕان و بەهاناوەچوونی قوربانیانی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی هەفتەی ڕابردوو لەو وڵاتە ڕوویان دا.

جەنەراڵ فرانسیس دۆنۆڤان فەرماندی هێزە هاوبەشەكانی باشووری ئەمەریكا بۆ ڕۆیتەرز ئاشكرای كرد، زیاتر لە 900 سەربازی ئەمەیكی لە ناوخۆی ڤەنزوێلا بوونیان هەیە و 800ی تریش لە ناوەندەكانی پۆرتۆریكۆ و كۆراساو لە ناوچەی كاریبنی جێگیر كراون.

زیاتر گوتی، هێزەكانی ئەمەریكا بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەكانی بەشوێنداگەڕان و ڕزگاركردنی قوربانیانی بوومەلەرزەكانی ڤەنزوێلا كرد، هاوكات بەشداریی كارایان لە دووبارە بەكارخستنەوەی فڕۆكەخانەكان و بەندەرەكانی ئەو وڵاتە كردەوە، تا بەشێوەیەكی فراوانتر كۆمەكی مرۆییان پێ بگات و ئاسمان و ڕێگەی ئاوی بۆ گەیشتنی كۆمەكی مرۆیی كراوە بێت.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا دۆنۆڤان ئەوەیشی ئاشكرا كرد، سوپای ئەمەریكا نزیكەی پێنج هەزار درۆنی جۆری ئێم كیو 9ی لە ئاسمانی ڤەنزوێلا بڵاوە پێ كردووە، كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەكەی كۆكردنەوەی زانیاری لە مەیامی، زانیاری لە ئاسمانەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچە كارەساتبارەكان كۆ دەكەنەوە.

هەفتەی ڕابردوو دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند، بەهۆیەوە تا ئێستە نزیكەی دوو هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە و 10 هەزار كەسی تریش برینداربوون و 50 هەزار كەسیش تا ئێستە بێ سەروشوێنن، جیا لەوەی كاولكارییەكی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا و تا ئێستەیش ڕێكخراوەكانی بەهاناوەچوون و تیمەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەردەوامن لە گەڕان بە دوای شوێنبزران و دۆزینەوەیان لە ژێر داروپەردووی بەسەریەك ڕووخانی باڵەخانە و ماڵەكان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د