لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەكەی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ پەسند كرد و تێیدا باس لەوە كراوە، وەزارەتی جەنگ دەسەڵاتی دابینكردنی یارمەتیی سەربازیی بۆ هێزە خۆجێیەكان لە عێراق و سووریا دەبێت و ناوی هێزە كوردییەكان بە ڕوونی هاتووە.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا شەوی دووشەم ٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ ئەنجام درا، تێیدا دوا پێداچوونەوەی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی كرد، ڕێكارە یاساییەكانی چۆنیەتیی گفتوگۆكردنی پڕۆژەیاساكەی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاری كرد، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا پڕۆژەیاساكە بخرێتە بەردەم تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ گفتوگۆ و دەنگدان.
پڕۆژەیاساكە پشتیوانیی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی دژە داعش لە عێراق و سووریا دووپات دەكاتەوە و هەندێك لە یارمەتییەكان درێژ دەكاتەوە. لیژنەكە لە كاتی گفتوگۆدا دەیان هەمواری تاوتوێ كرد و لە كۆتاییدا دەقێكی یاسایی پەسند كرد، كە مادەی (١٢٣٦) ـی یاسای بودجەی بەرگریی ساڵی ٢٠١٥ هەتا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ درێژ دەكاتەوە.
بەپێی ئەم مادەیە، وەزارەتی جەنگ دەسەڵاتی دابینكردنی یارمەتیی سەربازیی وەك ڕاهێنان و چەك و تەقەمەنی و لۆجستیك و یارمەتیی دارایی، بۆ هێزە خۆجێیەكان لە عێراق و سووریا دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا ناوی هێزە كوردییەكان بە ڕوونی هاتووە.