میدیایەكی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەكات، گرتنی بریكاری وەزیری نەوتی عێراق، گورزی كوشندەی لە سەرچاوەی دارایی ئێران داوە.
بەپێی ڕاپۆرتیكی (The Media Line)ـی ئەمەریكی، گرتنی عەلی مەعارج بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كاروباری دابەشكردن، تەنیا پێوەندی بە دۆسیەیەكی گەندەڵی ناوخۆییەوە نییە، بەڵكو ئەم هەنگاوە گەورەترین گورزە لەو تۆڕە دارایی و قاچاخچێتییە نێودەوڵەتییانە كە پێوەستن بە ئێران و سزاكانی سەر ئەو وڵاتەوە.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، مەعارج ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی جووڵەی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەكانی كردووە، ئەم كەرتە بۆ چەندان ساڵ وەك "ڕێڕەوێكی ئارام" بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نافەرمی و قاچاخچێتی نەوت لە بەرژەوەندیی تاران و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتە بەكار هاتووە، بە جۆرێك كە سەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی دراوی قورس بووە بۆ دەربازبوون لە سزاكانی ئەمەریكا.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو بڕە پارە زەبەلاحەی كە هێزە تەناهییەكان لە ماڵی عەلی مەعارج دەستیان بەسەردا گرتووە، كە پێكهاتبوو لە 11 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی و چوار ملیار دیناری عێراقی و لەناو دیواری ماڵەكەیدا شاردرابووەوە، قەبارەی ئەو ئابوورییە ڕەشە پێشان دەدات كە لە پشت پەردەی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتەوە بەڕێوەچووە.