رێژەی كورد لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا 6%یە

:: PM:05:33:01/07/2026 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لیستێكی بە ناوی 70 ئەندامی ئەنجوومەنەكە راگەیان كە راستەوخۆ لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریاوە دیاری كراون، بەوەش ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێی گەلی سووریا دەبێتە 210 ئەندام و رێژەی كورد لە ئەنجوومەنەكە نزیكەی 6%یە.

ئەمڕۆ لیستی ناوی 70 ئەندامە نوێكەی ئەنجوومەنەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تەلاری ئەنجوومەنی گەل لە دیمەشق هاتە راگەیاندن، لەسەر بنەمای فەرمانی كۆماری ژمارە 66 لە 2025 كە باسی پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا كرد بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە، واتە 140 ئەندا و سەرۆك كۆماریش سێیەكی ئەنجوومەنەكە، 70 ئەندام، راستەوخۆ دیاری دەكات.

لە لیستەكەی ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن ناوی عەبدولحەكیم بەشار سەركردە لە حزبی دیموكراتی سووریا و مستەفا عەبدی و یاسر مەنسوور هاتووە، كە هەموویان لە پارێزگای حەسەكەن، بەوەش ژمارەی ئەندامە كوردەكان لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا گەیشتە 12 ئەندام لە كۆی 210 ئەندامی ئەنجوومەنەكە، واتە رێژەی كورد لە ئەنجوومەنەكە نزیكەی 6%یە، حەوتی لە پارێزگای حەسەكە و سێی لە عەفرین و كورسییەك لە تەل عەران لە حەلەب و كورسیەیكی تر لە كۆبانی، بڕیارە یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە دووشەمی داهاتوو بۆ سوێندی یاسایی ئەندامەكان بێتە سازكردن، تەمەنی یەكەم ویلایەتی ئەنجوومەنەكە 30 مانگە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل