ئێستە لە قەتەر دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لەسەر دوو بابەت چڕ بووەتەوە، پارە بلۆككراوەكانی ئێران و گەرووی هورمز، ئێران داوای ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی دەكات و سەبارەت بە گەرووی هورمز داوای دداننان بە مافی لە سەرپەرشتیكردنی گەرووەكە و وەرگرتنی رسوومات لە كەشتییەكان دەكات، بەپێی هەواڵەكان رێككەوتنێكی سەرەتایی لەسەر ئازادكردنی بڕێك پارەی بلۆككراو كراوە، وەزیری كشتوكاڵی ئێران باسی كڕینی بەرهەمی كشتووكاڵیی ئەمەریكی بەو پارانە دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم
غولام نووری رەزا قزلجە وەزیری كشتووكاڵی ئێران دووپاتی كردەوە كە بەكارهێنانی پارە بلۆككراوەكان بۆ كڕینی كاڵاكان لە بەرژەوەندیی ئێرانە، ئەگەری هەیە ئەگەر نرخەكانیان گونجاو بێت، بەرهەمی كشتووكاڵی ئەمەریكی بكڕین، روونی كردەوە، هیچ پابەندییەك بۆ كڕینی بەرهەمە كشتووكاڵییەكان لە كۆمپانیای ئەمەریكی نییە، بەڵام ئەگەر ئەو كۆمپانیایانە دەستەوارەی گونجاو پێشكەش بكەن، تاران قەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوان زیاتر دەكات.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران رای گەیاند كە لە ئەنجامی لێكتێگەیشتنی دوایی، دەستكەوتی گرنگی ئابووری و بازرگانیمان هەیە، لەوانە بەردەوامبوونی هەناردنی نەوت و سووككردنی بەشێك لە سزا دارایی و نەختێنەییەكان و فەراهەمكردنی هەلی نوێ بۆ فرەوانكردنی هاریكاریی ئابووری.