زەیدی: هاوئاهەنگیی بەغدا و كوردستان بۆ پاراستنی مافی قوربانیانی ئەنفال پێویستە

:: PM:06:54:01/07/2026 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم لە بەغدا عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی كاروباری شەهید و ئەنفالكراوانی هەرێم كۆبووەوە، دووپات لە پێویستیی هاوئاهەنگی لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی مافی شەهیدان و قوربانیانی هەڵمەتەكانی ئەنفال كرایەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ زەیدی لە بەغدا پێشوازی لە عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لە دیدارەكە كە سەرۆكی دەزگای زیندانە سیاسییەكانی عێراق ئامادەی بوو، باسی چەند پرسێكی هاوبەش پێوەست بە قوربانیانی رژێمی پێشووی دیكتاتۆری و مافی كەسوكاری ئەوان كرا.

لە دیدارەكە دووپات لە گرنگیی بەهێزكردنی هاریكاری و هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان پێوەست بە كاروباری شەهید و قوربانیانی ئەنفال و زیندانە سیاسییەكان كرایەوە، بەو شێوەی مافی ئەو توێژە قوربانیدەرە نەفەوتێت و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ پاراستنی مافی ئەوان و چاودێریكردنی كەسوكاریان.

لە دیدارەكەدا عەلی زیەدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی لە پاڵپشتیكردنی ئەو دامەزراوانەی پێوەندییان بە یادەوەریی نیشتمانییەوە هەیە، بە پێویستیی بەردەوامبوونی كاركردن لەسەر بەدیكۆمێنتكردنی تاوانەكانی رژێمی پێشوو و چەسپاندنی بەهاكانی دادوەری و پاراستنی مافی قوربانیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل