ئەمەریکا سەرکردایەتیی کۆبوونەوەیەکی تەناهی بە بەشداریی 12 وڵات دەکات

:: PM:08:56:01/07/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم یەکی تەمووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، سەرکردایەتیی دیالۆگێکی تەناهیی هەرێمییان کردووە کە لەلایەن هێزی بەرگریی بەحرێنەوە میوانداری کراوە، ئەویش بە بەشداریی سەرکردە سەربازییەکانی 12 وڵاتی ناوچەکە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازیی هەریەک لە بەحرێن، میسڕ، ئوردن، کوەیت، لبنان، عومان، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی، سووریا، ئیمارات، و یەمەن، دۆخی تەناهیی ئێستەی ناوچەکە و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگریی لە سەرانسەری ناوچەکەدا تاوتوێ کردووە.

بەپێی بەیاننامەکە، سەرکردەکان لەو کۆبوونەوەیەدا دووپاتیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشیان بۆ ئازادیی هاتوچۆی بازرگانی بە ناو گەرووی هورمزدا کردووەتەوە.

کوپەر گوتی، بەردەوام دەبین لە وەستان شانبەشانی هاوبەشە هەرێمییەکانمان". هەروەها گوتی: "گفتوگۆکان پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی دووپات کردەوە.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمەریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانی، پێشکەوتووترین و گەورەترین سیستەمی چەتری بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە جیهاندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەبەن.

زیاتر ڕوونی کردووەتەوە، لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا، فەرماندەیی ناوەندی و وڵاتانی ناوچەکە شانەیەکی نوێیان بۆ هاوئاهەنگیی بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری، هۆشداریی هەڕەشەکان و وەڵامدانەوەی حاڵەتە لەناکاوەکان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم دیالۆگە تەناهییە، یەکەم بەشداریکردنی سەرکردە سەربازییەکانی سووریا و لبنانی بەخۆوە بینیوە لە کۆنفڕانسێکی بەرگریی هەرێمیدا کە ئەمەریکا سەرکردایەتیی دەکات.


وشە - پۆڵا مەحموود