ئەمڕۆ چوارشەم یەکی تەمووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕاگەیاند، و ئاماژەی بە ڕێککەوتنێک کرد بۆ بەکارهێنانی بەشێک لەو شەش ملیار دۆلارەی پارە سڕکراوەکانیان بۆ کڕینی خۆراک.
کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، دانوستانەکانمان لەگەڵ هەردوو لایەنی قەتەری و پاکستانی لە دەوحە کۆتایی هات، کە ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنە کە بە ئامادەبوونی ئێران، قەتەر و پاکستان لە دەوحە بەڕێوە دەچێت.
ئابادی ڕوونی کردەوە، لەگەڵ شاندی پاکستان و قەتەر، تاوتوێی ئەو ڕاپۆرتانەمان کرد کە باس لە زیادکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی واشنتن دەکەن، هەروەها پێشێلکارییەکانی ئەمەریکامان بۆ پابەندبوونەکانی بەپێی خاڵی یەکەمی یاداشتەکە کە تایبەتە بە کۆتایهێنان بە شەڕ لە لبنان، خستە ڕوو.
زیاتر گوتی، لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر، پرسی خەرجکردنی بەشێک لە شەش ملیار دۆلارە سڕکراوەکەمان تاوتوێ کرد." سەبارەت بە ئەنجامەکانیش ڕای گەیاند: "بڕیار درا بەشێک لەو پارەیە بۆ کڕینی کاڵا بەپێی پێداویستییەکانمان بەکار بهێنرێت، هەروەها بڕیار درا تا سبەی، کەناڵێکی پێوەندیی بەپەلە بۆ تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتەکە دروست بکرێت." دووپاتیشی کردەوە کە خاڵەکانی یاداشتەکە پاکێجێکی تەواوەتین و ناکرێت بە جیا سەیر بکرێن.
لە لای خۆیەوە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران "بەباشی بەڕێوە دەچن"، و ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتادان. هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی پێشکەوتنی ئەو دانوستانانەی کرد کە لە دەوحە لە نێوان شاندی واشنتن و تاران بەڕێوە دەچن. لە کاتێکدا ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەکانەوە گواستیەوە کە هەردوو لا هەوڵ دەدەن بگەنە "ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ."
ئەمەریکا و ئێران ڕۆژانی سێشەم و چوارشەم دانوستانی تەکنیکییان لە دەوحە ئەنجام دا، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەبارەی هاتوچۆی کەشتییەوانی لە گەرووی هورمز و مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
ئەم دانوستانانە پشت بەو ڕێککەوتنە کاتییە دەبەستن کە لە 14 خاڵ پێک هاتووە و مانگی ڕابردوو واژوو کرا، ئامانج لێی ڕاگرتنی ئەو شەڕەیە کە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی ڕابردوو هەڵگیرسا، لەگەڵ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، بە دیاریکردنی مۆڵەتی 60 ڕۆژ بۆ دانوستانەکان لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەمیشەیی. بەڵام ئەمەریکا و ئێران ڕەخنەی ئاشکرایان لەیەکتر گرت سەبارەت بە لێکدانەوەی ڕێککەوتنە کاتییەکە، کە بووە هۆی هێرشی تۆڵەستێنەی یەکتر لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا.