ئەمڕۆ چوارشەم یەکی تەمووزی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، واشنتن هەوڵ دەدات بە تاران ڕابگەیەنێت کە سەپاندنی باج لە گەرووی هورمز، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەرپرسەکە ڕای گەیاند کە لە دانوستانەکانی دەوحە لێکتێگەیشتن کراوە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو دۆخەکە هێمن بێت، تا پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی یاداشتەکەدا بکرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتانی کەنداو گفتوگۆ دەکەن لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
زیاتر گوتی، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر نێردراوانی واشنتن، هەوڵ دەدەن ئەو پەیامە بە ئێران بگەیەنن کە داواکارییەکەیان بۆ سەپاندنی باج لەسەر کەشتییەکان، دەرفەتەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لەناو دەبات.
بەرپرسەکە ڕوونی کردەوە کە واشنتن و تاران لە دانوستانەکانی دەوحە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر یەکەمین گوژمەی پارە سڕکراوەکانی ئێران. ئاشکرای کرد کە سێ ملیار دۆلاری سڕکراو بە کاش نادرێتە ئێران، بەڵکوو بۆ کڕینی کاڵای سەرەکی بەکار دەهێنرێت کە بەشێکی لە ئەمەریکاوە دەبێت.
پێشتر ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی لە دەوحە ڕاگەیاندبوو، و ئاماژەی بە ڕێککەوتنێک کرد بۆ بەکارهێنانی بەشێک لە شەش ملیار دۆلارە سڕکراوەکە بۆ کڕینی خۆراک. کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا گوتی، دانوستانەکانمان لەگەڵ هەردوو لایەنی قەتەری و پاکستانی کۆتایی هات، کە ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بوو.
ئەمەریکا و ئێران ڕۆژانی سێشەم و چوارشەم دانوستانی تەکنیکییان لە دەوحە ئەنجام دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر هاتوچۆی کەشتییەوانی لە گەرووی هورمز و مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
دانوستانەکان پشت بە ڕێککەوتنێکی کاتیی 14 خاڵی دەبەستن کە مانگی ڕابردوو واژوو کرا بۆ وەستاندنی ئەو شەڕەی لە 28ی شوباتی ڕابردوو دەستی پێ کرد، لەگەڵ کردنەوەی گەرووەکە بە مۆڵەتی 60 ڕۆژ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. بەڵام ڕەخنەی ئاشکرای هەردوو لا لەسەر لێکدانەوەی ڕێککەوتنەکە، بووە هۆی هێرشی تۆڵەستێنەی یەکتر لە هەفتەی ڕابردوودا.