"هەڵمەتەكەی زەیدی كار لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی دەكات"

:: PM:05:53:02/07/2026 ‌

كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو بە ناتەواوی لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێ درا، تا ئێستە نۆ وەزارەتی بەتاڵن، لەوانە بەرگری و ناوخۆ، ئەو لە دوای دەستبەكاربوونی دوو هەڵمەتی بۆ داماڵینی چەك و گرتنی تۆمەتبارانی تێوەگلاو لە گەندەڵی دەست پێ كردووە، شارەزایان باسی كاریگەریی هەڵمەتی دوایی لە دژی گەندەڵكاران لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی دەكەن.

بڕیار بوو بەر لە سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەتەكەی پڕ بكرێنەوە، بەڵام هەڵمەتی دوایی لە دژی تۆمەتباران بە گەندەڵی گفتوگۆكانی تەواوكردنی كابینەكەی دوا خست، كاتێك هەڵمەتەكە گرتنی ژمارەیەك سەركردەی سیاسی و پەرلەمانتاری گرتەوە و هەندێكیان براوەی هەڵبژاردنن و وەزارەتیان بەر دەكەوێت، لەوانە موسەنا سامەرایی.

عەلی یاسری ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات كە هەڵمەتی دوایی هەژانێكی لە گۆڕەپانی سیاسی دروست كرد، رەنگدانەوەی لەسەر گفتوگۆكانی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی هەبوو، ئێستە فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكان بە لێكەوتە و كاریگەریی ئەو هەڵمەتەوە سەرقاڵن، ئەوەش بووەتە هۆی وەستانی دانوستانی ئەوان لەبارەی دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكانی ماون.

روونی كردەوە، موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم كە گیراوە، بەركەوتەی هەڵبژاردنی دوو وەزارەتە لە كابینەی ئێستەی حكوومەتی زەیدی، بۆیە گرتنی كاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر دانوستان و میكانیزمی یەكلابوونەوەی ئەو بەركەوتە هەیە.

لەوكاتەی پێشبینیی دەكرا بەر لە سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتتن كابینەی حكوومەتەكەی تەواو بكرێت، بەڵام شارەزایان پێیان وایە لە سایەی هەردوو هەڵمەتی داماڵینی چەك و گرتنی تۆمەتبارانی گەندەڵی، تەواوی بڕیار و گۆڕانكارییەكان بۆ دوای سەردانەكەی واشنتن دوا خراون.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل