ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووزی 2026، ستیفانی ڕیست وەزیری تەندروستیی فڕەنسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی شەپۆلی گەرمای ئەم دواییەی وڵاتەکەیەوە بۆ 2025 کەس بەرز بووەتەوە، ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ ماوەی نێوان 22 بۆ 28ی حوزەیرانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.
پێشتر دەستەی تەندروستیی گشتیی فڕەنسا، کە ئاژانسی نیشتمانییە بۆ تەندروستیی گشتی لەو وڵاتە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدانی بەهۆی شەپۆلی گەرماوە بە ڕێژەی 29.1 لە سەد ڕاگەیاندبوو، هاوکات هۆشداریی ئەوەشی دابوو کە ڕەنگە ئەم ژمارەیە کەمتر بێت لە واقیع.
فڕەنسا لە حوزەیرانی ڕابردوودا شەپۆلێکی گەرمای پێوانەیی بەخۆیەوە بینی کە 11 ڕۆژی خایاند و پلەکانی گەرما لە چەندان ناوچەدا 40 پلەی سیلیزییان تێپەڕاند.
ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی هەفتەی ڕابردوو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم شەپۆلە گەرما نائاساییە، کاریگەریی گەورەی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، سیستەمی ژینگەیی، کشتوکاڵ و ژێرخانی ئەو وڵاتە هەبووە. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە ڕووبەرێکی فراوان لە دارستانەکانی فڕەنسا ئاگریان تێبەربووە.