نێچیرڤان بارزانی لە تاران بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە خامنەیی دەکات

:: PM:05:15:03/07/2026 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تاران بەشداریی لە ڕێوڕەسمی فەرمیی ماڵئاواییکردن لە ڕابەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کرد و هاوسۆزیی خۆی و هەرێمی کوردستانی بۆ کۆچی دوایی ناوبراو دووپاتکردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لە شاری تاران بەشداریی لە ڕێوڕەسمی فەرمیی ماڵئاواییکردن لە ڕابەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی خامنەیی کرد.

لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەفتەری سەرەخۆشیدا وتەیەکی تۆمار کرد؛ تێیدا وێڕای دووپاتکردنەوەی سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی و هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر کاریگەری و ئەو میراتەی کە ڕابەری باڵای پێشوو دوای خۆی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و جیهانی ئیسلامیدا جێی هێشتووە.


وشە - پێشەنگ مەحموود