ترەمپ: بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی خامنەیی یەك هەفتە مۆڵەتمان بە ئێران داوە

:: AM:08:58:04/07/2026 ‌
لە لێدوانێكدا سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی خامنەیی یەك هەفتە مۆڵەتمان بە ئێران داوە، بۆ ئەوەیش چالاكیی سەربازی لەو هەفتەیەدا بەتەواوی دەوەستێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئاماژەی بە لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوە و دووپات دەكاتەوە، بۆ ئەوەی ئێران بتوانێ بەپێی ویستی خۆی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی بەڕێوە ببات، بۆ ماوەی یەك هەفتە مۆڵەتمان پێ داوە و لەو ماوەیەدا بەهیچ شێوەیەك كردەی سەربازی لە دژی ئێران بەڕێوە ناچێت.

ترەمپ زیاتر دەڵێت، لایەنی ئێرانی هەوڵی رژد دەدات لە رێگەی سیاسییەوە لەگەڵ ئەمەریكا بگاتە رێككەوتن، لە كاتێكدا ئەمەریكا لە ماوەی یەك رۆژدا رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ڤەنزوێلا یەكلا كردەوە، بەڵام بەرانبەر بە ئێران لێدانی زۆر توند و رژدی لێ داوە.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی ئەمەریكایشەوە ترەمپ گوتی، چەرخی زێڕینی ئەمەریكا لە ئێستەوە دەستی پێ كردووە، چونكە وڵاتەكەی بەراوردن بە تەواوی وڵاتانی دنیا، خێروبێری زۆری بە مرۆڤایەتی گەیاندووە.

پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، تەواوی وڵاتەكەی گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە. جەنگیش تا ئێستە بەردەوامە. وێڕای ئەوەی بە ناوەندگیریی پاكستان، دانوستان دەستی پێ كردووە، بەڵام بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون.

لە ڕووی ئابووریشەوە ئەم جەنگە زیانی گەورە و كارەساتباری بۆ كڕیارانی نەوت لە دنیا دروست كردووە، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتانی كەنداو بۆ وڵاتانی تری دنیا كە ئابووری عێراقیش بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ڕووبەڕووی كەمی داهات و گرفتی گەورە بووەتەوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د