ئێران تەرمی چوار ئەندامی "پژاك" و شەش پێشمەرگەی دیموكرات رادەستی كەسوكاریان ناكاتەوە

:: AM:09:25:04/07/2026 ‌
 دایكانی ئاشتیی كوردستان بەبۆنەی گیان لەدەستدانی چوار ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) و شەش پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، ڕاگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە. حكوومەتی ئێرانیش تەرمەكانیان رادەستی كەسوكاریان ناكاتەوە.

دایكانی ئاشتی ڕایان گەیاندووە، هەرچەندە ئەو شەهیدانە سەربە پارت و ئایدۆلۆجیای جیاواز بوون، بەڵام خاوەنی یەك ناسنامە، یەك نیشتمان و یەك ئامانج بوون بۆ خزمەتكردنی گەلی كورد.

بۆیە لە دەستدانیان نەك تەنیا كارەساتە بۆ بنەماڵەكانیان، بەڵكو برینێكە لە جەستەی تەواوی نەتەوەی كورددا.

دووپاتیان كردووەتەوە كە خوێنی ئەو قوربانییانە دەبێت ببێتە پردی هاوپشتی، نەك هۆكاری قووڵبوونەوەی ململانێ و جیاوازییە سیاسییەكان.

 ئەوان دەڵێن، نابێت هیچ بەرژەوەندییەكی حزبی و سیاسی لە سەرووی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی گەلی كوردەوە دابنرێت، یان گیانی یەكڕیزی لاواز بكات.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەیاندا داوا لە خەڵكی كوردستان، چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كەسایەتییە نیشتمانییەكان و ڕێكخراوە سیاسییەكان كراوە، چالاكانە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بە خاكسپاردن و یادكردنەوەی ئەو شەڕڤان و پێشمەرگانەدا بكەن، تا پێشانی بدەن كە گەلی كورد لە كاتی تەنگانەدا یەكگرتووە و ڕێز لە قوربانیانی خۆی دەگرێت، بێ گوێدانە جیاوازیی حزبی.

هاوكات دایكانی ئاشتی داوایان لە "بەرەی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان" كردووە كە ڕۆڵێكی كاریگەرتر و چالاكتر لە خزمەتكردنی دۆزی كورددا بگێڕن.

ئاماژەیان بەوەش كردووە كە چاوەڕوانیی خەڵك لە هاوكاریی نێوان حزبەكان، تێپەڕینە لە بەیاننامەی هاوبەش، كۆبوونەوەی فەرمی و هەنگاوی هێمایی، پێویستە بگۆڕێت بۆ هاوئاهەنگیی كرداری، پلانی هاوبەش و هەنگاوی ڕاستەقینە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەماندا.

دایكانی ئاشتیی كوردستان، گرووپێك لەو دایكانە پێكهاتوون كە ڕۆڵەكانیان بوونەتە قوربانی یان بەندكراوی سیاسین، لەم ساڵانەی دواییدا وەك سیمبولی خەبات لە پێناو دادپەروەری، ئاشتی، یەكسانی و كۆتاهێنان بە توندوتیژی لە كوردستاندا دەناسرێن.

هەفتەی پێشوو چوار ئەندامی پژاك و شەش پێشمەرگەی حزبی دیموكرات لە رۆژهەڵاتی كوردستان شەهید بوون، تا ئێستە حكوومەتی ئێران تەرمەكانی رادەستی كەسوكاریان نەكردووەتەوە.




وشە - سۆران عەزیز