نەهاری لبنانی: گرتنی تۆمەتبارەكانی گەندەڵی لە عێراق دانوستاندنە سیاسییەكانی سڕ كردووە

:: AM:09:48:04/07/2026 ‌
چەند سەرچاوەیەكی عێراقی بە رۆژنامەی نەهاری لبنانیان راگەیاند، گرتنی تۆمەتبارەكانی گەندەڵی بە تەواوی دانوستاندنە سیاسییەكانی تەواوكردنی حكوومەتی عەلی زەیدی پەكخستووە، بۆیە بابەتەكە وەك دۆسیەیەكی یاسایی نەماوەتەوە، بەڵكو رەهەندێكی سیاسیشی وەرگرتووە.

ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، رۆژنامەی نەهاری لبنانی ئاشكرای كردووە، بە هۆی ئەو ئۆپراسیۆنەی رۆژی یەكشەمی رابردوو حكوومەتی زەیدی دژ بە گەندەڵكاران ئەنجامی دا، پرۆسەی سیاسی و دانوستاندن لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە تەواوی وەستاوە.

 سەرچاوە عێراقییەكان بۆ نەهار باسیان لەوە كردووە، بەر لە هەڵمەتی گرتنی بەرپرس و پەرلەمانتارەكان، پێوەندی لە نێوان لایەنەكان هەبوو و لەسەر ئەوە رێككەوتبوون دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمان، دەست بە پڕكردنەوەی وەزارەتەكان بكرێت كە لە كۆی 23 ی وەزارەت، تەنیا 14 وەزارەت یەكلا كراونەتەوە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە هۆكاری سەرەكی ئەوەیە، هەندێك لەوانەی گیراون كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسی هەیە، بۆیە گرتنیان بە تەواوی دانوستاندن سڕ دەكات. یەكێك لە نموونەكانیش موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمە كە 15 كورسیی هەیە، دەنگۆی ئەوە هەبوو دوو وەزارەتی پێ بدرێت، ئەوانیش پلاندانان و رۆشنبیری بە عەزم بدرێت.

بۆیە سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە، دۆسیەی گرتنی تۆمەتبارانی گەندەڵی تەنیا وەك بابەتێكی یاسایی نەماوەتەوە و رەهەندێكی سیاسیشی وەرگرتووە، تەنانەت پێشبینی دەكرێت تەنگژەی سیاسیی عێراق قووڵتر بكاتەوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل