ماڵپەڕی حوڕەی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، عەدنان جومەیلی بریكاری وەزیری نەوت كە ئێستە بە تۆمەتی گەندەڵی گیراوە، بەرتیلی بە كەسایەتییە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و رۆژنامەنووسان داوە، بۆ ئەوەی لە قۆناغی یەكەمدا ببێتە وەزیری پلاندانان و دواتریش وەزیری بەرگریی عێراق.
ماڵپەڕی كەناڵی
حوڕە ئاشكرای دەكات، ئێستە بارودۆخی عەدنان جومەیلی جێگیر نییە و بە سەختی بەدەست نەخۆشی گورچیلەكانی دەناڵێنێ. حوڕە بە پشبەستن بە سەرچاوە عێراقییەكان باسی ئەوەی كردووە، زانیارییەكانی جومەیلی لەبارەی تۆمەتبارانی گەندەڵی هێندە دروست بوون بەشێوەیەك هیچ كەسێك لە گیراوەكان نەیتوانیوە نكۆڵی لێ بكات.
بەگوێرەی نوێترین زانیاری، جومەیلی نزیكەی 250 ملیۆن دۆلار "چارەگە ملیارێك" دۆلاری تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی وەزارەتی پلاندانان بەدەست بهێنێت و ببێتە وەزیر، بۆ ئەمەیش پارەیەكی زۆر بە پەرلەمانتاران و سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسان داوە.
لە لێكۆڵینەوەكدا ئەمە ساغ كراوەتەوە كە جومەیلی بە ئامانجی بوون بە وەزیری پلاندانان ئەم كارانەی كردووە، بەڵام باس لەوەیش كراوە ئامانجی دووەمی ئەوەبووە ببێتە وەزیری بەرگری كە ئەمەیش خاڵێكە لێكۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە.
خەرجكردنی پارەیەكی زۆر، یەكەم ئاماژە بووە بۆ ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانی جومەیلی، بۆیە لایەنەكانی پێوەندیدار دەكەونە خۆ و بەڵگەی لەسەر كۆ دەكەنەوە و تا بە تەواو دۆسیەكە ئامادە دەبێت.
سەرچاوەكان بۆ حوڕە دووپاتیان كردووەتەوە، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبێت و پێشبینیش دەكرێت چەندان بەرپرسی تر بگیرێن. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە سێ كەس لە بەرپرسانی عێراق سەرپەرشتی ئەو دۆسیەیە دەكەن، ئەوانیش فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و عەلی زەیدی و زیا جەعفەر.
تەواو پرۆسەكە لەلایەن زەیدییەوە سەرپەرشتی دەكرێت و ئەركی بەڕێوەبردنی لێكۆڵینەوەكانیش زیا جەعفەری سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراقە.
لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە، حوڕە باس لەوە دەكات، تا ئێستە نزیكەی 250 ملیۆن دۆلار دەستی بەسەر داگیراوە و ئەمە جگە لە دەیان كیلۆ زێڕ و خانووبەرەیەكی زۆر.
لە یەكشەمی رابردوو 28ی تەمووز، هەڵمەتێكی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ناوچەی سەوزی بەغدا لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری عێراقی ئەنجام درا و زۆربەی ئەو كەسانەی لە لیستەكە بوون گیران، تەنیا دوو كەس رایان كردووە، ئەوانیش هەریەكە لە حوسێن موئەنیس سەرۆكی هاوپەیمانی حقووق كە سەربە میلیشیای كەتائیبی حزبوڵایە، لەگەڵ پەرلەمانتارێكی تر بە ناوی عەلا سەكەر.