شارەزایەك: دوای تەوابوونی بەڵگەكان گرتنی تۆمەتباری تری گەندەڵی دەست پێ دەكات

:: PM:05:34:04/07/2026 ‌

دوای ئەو هەڵمەتە فرەوانەی گرتنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە سەرەتای هەفتەی رابردوو لە عێراق دەستی پێ كرد و پێشوازی و پاڵپشتییەكی گەورەی جەماوەری و میدیایی لێ كرا و داوای بەردەوامبوونی كرا، هێزە سیاسییە باڵادەستەكان رەخنەیان لە شێواز و فرەوانییەكەی گرت، توێژەرێكی سیاسی ئاماژە دەكات، دوای تەواوبوونی بەڵگە یاساییەكان، وەجبەیەكی تری فەرمانی گرتن دەردەكرێت.

غالب دەعمی توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، هەڵمەتی دوایی گرتنی تۆمەتبارانی گەندەڵ سەرەتای هەڵمەتێكی گەورەیە و كۆتایی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نییە، ددانپێدانانی تۆمەتبارە گیراوەكان، بەرەو هەڵدانەوەی دۆسیەی نوێ و ئاڵۆزی گەندەڵیمان دەبات، رەنگە چەندان تۆڕی گەندەڵی ئاشكرا ببن، كە بۆ رای گشتی ناسراو نەبوون.   

روونی كردەوە، كاریگەریی هەڵمەتەكە بۆ ناوەندی سیاسی لە دوای 2003 شۆكهێنەر بوو و زۆرێكی لە دۆخێكی چاوەڕوانی و ترسدا هێشتەوە لەوەی لێكۆڵینەوەكان بگاتە ئاستێكی باڵاتر، ئەوەش بوارێكی زیاتری بە دەزگا لێكۆڵەرەكان بەخشتی بۆ بەردەوامبوون لە كارەكەیان.

دەعمی ئاشكرای كرد، ئەگەر بەڵگە یاسیاییەكان تەواو بن، لە قۆناغی داهاتوو وەجبەیەكی تری فەرمانی گرتن دەردەچێت، بەتایبەتی كە هەندێك لە دۆسیەكان پێوەست نین بە كەسەكان، بەڵكو پێوەندییان بە ئیدارەدانی گرێبەستە حكوومەتییەكان و دەستكاریكردنی تێچووی پڕۆژەكان هەیە، كە ئەوەیان گەورەترین و ئاڵۆزترین دەروازەی بەهەدەردانی سامانی گشتییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل