ئێرانییەكان چاوەڕوانی دەركەوتنی رابەری نوێیان دەكەن

:: PM:05:59:04/07/2026 ‌

ئێستە لە ئێران رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای پێشووی ئێران بەڕێوە دەچێت، رێوڕەسمەكە بە بەشدارییەكی فرەوانی جەماوەری لە ناوخۆی ئێران و شاندی وڵاتانی بەشدار بەڕێوە دەچێت، لەوكاتەی ئێرانییەكان چاوەوڕوانی بەشداریكردنی موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی وڵاتەكەیان دەكەن، كە ئەویش لە هێرشەكانی سەر ئێران بریندار بووە.

لەوكاتەی ئێرانییەكان رێوڕەسمی ماتەمینی و ماڵئاوایی لە تەرمی رابەری پێشوویان ساز دەكەن، چاویان لەوەیە رابەری نوێیان، كە لە مانگی ئاداری رابردوو لە دوای كوژرانی باوكی لە هەڵمەتە سەربازییەكی سەر ئێران، لە شوێنی ئەو كرا بە رابەری باڵا و بە درێژایی چەند مانگی دوای وەستانی شەڕ سەركردایەتیی وڵاتەكە دەكات، چاویان لە دەركەوتنی دڵنیابوونەوەیە لە تەندروستی و رەتكردنەوەی راپۆرتەكان بەوەی بە سەختی بریندار بووە.

شرۆڤەكاران پێیان وایە دەركەوتنی موجتەبا لە رێوڕەسمەكە، تاقیكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوە و گرنگە بۆ توانای بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و شەرعیەتەكەی، هەفتەی رابردوو عەلی ئەكبەر پوورجەمشیدیان سەرۆكی لیژنەی رێكخستنی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی رای گەیاند، هیچ زانیاری و دەسەتێكی لە بابەتی ئامادەبوونی رابەری باڵا لە رێوڕەسمەكەدا نییە، ئەگەر شتێك هەبێت نووسینگەی رابەر وردەكارییەكان رادەگەیەنێت.  

ئەمڕۆ رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی رابەری پێشووی ئێران دەستی پێ كرد كە شەش رۆژ بەردەوام دەبێت، پێنج شاری ئێرانی و دوو شاری عێراق دەگرێتەوە و لە 9ی ئەم مانگە لە شاری مەشهەد، شوێنی لەدایكبوونی لە نزیك مەزارگەی ئیمام عەلی رەزا لەگەڵ چوار لە ئەندامانی ماڵباتەكەی كە لە هەمان هێرشدا كوژران دێتە ناشتن.

لەوكاتەی زۆرێك لە ئێرانییەكان چاویان لە بینینی رابەری نوێی وڵاتەكەیانە، بەڵام مەترسیی كردنەئامانجی لە لایەن ئیسرائیل یان چاودێریكردنی بۆ ئاشكراكردنی شوێنەكەی بەردەوامە وای كردووە تیمی پاسەوانەكانی بیرۆكەی بەشداریكردنی لە رێوڕسمەكە رەت بكەنەوە، دوو بەرپرسی پاسداران ئاماژە دەكەن كە موجتەبا دەیەوێ لە بەشێكی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی باوكی ئامادە بێت، بەتایبەتی رێوڕەسمی ناشتنی لە 9ی مانگ لە مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد، بۆ ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەر تەرمەكەی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل