هەفتەی رابردوو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراقی كرد، سەردانەكە لە چوارچێوەی رێوڕەسمی عاشوورا و بۆ تاوتوێكردنی ئامادەسازییەكانی پێشوازیكردن لە تەرمی رابەری باڵای پێشووی ئێران بۆ نەجەف و كەربەلا خوێندنەوەی بۆ كرا، توێژەرێكی سیاسیی شیعە ئاماژە دەكات كە عێراقچی پەیامێكی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق گواستووەتەوە.
نزار حەیدەر توێژەری سیاسیی شیعە كە لە ئەمەریكا دادەنیشێت، لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، لە سەردانەكەی بۆ بەغدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێكی بۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گواستووەتەوە بەوەی تاران داوات لێ دەكات چاوێكت لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت.
روونی كردەوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵمەتی "فەجر"، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كە بەم دواییە دەستی پێ كراوە، زەیدی لە وەڵامی پەیامەكەدا گوتوویەتی، دۆسیەكە لە دەستی دادگادایە و یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بەوەی كەس لە هەڵمەتەكە بەدەر ناكرێت.
ئەمڕۆ شەموو لە میانی سەردانێكی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەكە كۆبووەوە، دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی ناوخۆ دەستی حكوومەتە لە دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا و داوای لە دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و هێزە تەناهییەكان كرد لە بەدواداچوونی دۆسیەكانی گەندەڵی بەردەوام بن، كە بووەتە داواكارییەكی جەماوەری.
زەیدی سوپاسی پاڵپشتیی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانی شیعە و پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هێزە سیاسی و سەرۆك هۆزەكانی بۆ هەڵمەتەكەی لە دژی گەندەڵی كرد.