پەیامێكی پارێزگاری بانكی ناوەندی تارانی ناچار بە ڕێككەوتن كرد

:: AM:09:13:05/07/2026 ‌
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردووەتەوە، پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران پەیامێكی ئاراستەی سەركردایەتی ئێران كردووە، ئەو پەیامەیش ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەی بینیوە لەوەی تاران ناچار بێ ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا قبووڵ بكات و یاداشتی لێكگەیشتن واژوو بكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ناوەڕۆكی پەیامەكەی عەبدولناسر هیمەتی بۆ سەركردایەتیی ئێران بریتی بووە لەوەی كە ئێران ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی ئابووری هێندە قورس بووەتەوە، هەرگیز تەنگژەی هاوشێوەی بەخۆیەوە نەبینیوە. كۆگەكانی خواردن و دەرمانی سەرەكی تا كۆتایی مانگی ئاب/ئۆگەستی ئەمساڵ بە تەواوی خاڵی دەبن، ئەگەر گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئەو پەیامە سەركردایەتیی ئێرانی ناچار كرد كە بە یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ ئەمەریكا ڕازی بن و واژووی بكەن، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بەرهەڵستی و دژایەتی دانوستانی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریكا دەكرد.

لە بەشێكی تری بابەتەكەی ڕۆژنامە ئەمەریكییەكەدا هاتووە، مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران لە چەند مانگی ڕابردوو، جەنگێكی سیاسیی ئاڵۆزی لە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت و سەركردایەتیی ئێران دروست كردووە، سەركەوتوو بوو لەوەی لەگەڵ محەمەد باقر قالیبافی سەرۆكی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، هاوپەیمانییەك بۆ پشتیوانیكردن لە دانوستانكردن لەگەڵ ئەمەریكا پێكبهێنن.

بە بڕوای پزیشكیان و قالیباف و عێراقچی، دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا بووە بە ستراتیجێكی پێویست و لەناكاو بۆ پاراستن و مانەوەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لەسەر دەسەڵات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د