ئەمڕۆ یەکشەم 5ی تەمووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە، تاران بە مووشەک پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکان دەکات ئەگەر پێویست بکات، هەروەها لە ڕێگەی دانوستانەکانیشەوە فشاری سیاسی دروست دەکات.
قالیباف ئاماژەی بەوە داوە کە تاران بە واشنتنی ڕاگەیاندووە، پێویستە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بەشێک بێت لە لێکتێگەیشتنەکە. باسی لەوەش کردووە کە حكوومەتە مسوڵمانەکان ئەمڕۆ تێگەیشتوون کە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل ئاسایشیان بۆ ناهێنێت.
ئەو گەورە دانوستانکارەی ئێران دووپاتی کردەوە کە هیچ ئاشتییەک لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا نییە و تاران بە هیچ شێوەیەک دان بە ئیسرائیلدا نانێت. هاوکات پێی وایە جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا قورسە بەڵام مەحاڵ نییە، و دووپاتی لە گرنگیی بەکارهێنانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی کردەوە بۆ بەهێزکردنی دەستکەوتە مەیدانییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ شەموو ڕای گەیاندبوو کە ئێرانییەکان دەپاڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک، بەڵام هەردوولا بڕیاریان داوە گفتوگۆکان بۆ ماوەی یەک هەفتە دوا بخەن و هیچ لایەکیان تەقە لەوی تر نەکات. ترەمپ باسی لەوەش کردبوو کە دەتوانن لە یەک کاتدا هەموو سەرکردەکانی ئێران لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا لەناو ببەن، بەڵام ئەو کارە ناکەن چونکە ئەو کات کەس نامێنێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بکەن.
مانگی ڕابردوو، ترەمپ یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران و دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێ لەسەر بەرنامەی چەکی ئەتۆمی واژوو کرد، هەروەها فشاری خستە سەر بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ سنووردارکردنی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لە لبنان.