هەفتەیەكە حكوومەتی عێراق هەڵمەتێكی فرەوانی بۆ گرتنی ژمارەیەك تۆمەتباری گەندەڵی دەست پێ كردووە، لە مانگی رابردووش هەڵمەتێكی بۆ داماڵینی چەكی نایاسایی دەست پێ كرد، بەپێی چەند سەرچاوەیەك حكوومەتی عێراق دوو داوای ئێرانی سەبارەت بە دوو دۆسیە رەت كردووەتەوە.
بەپێی رۆژنامەی
"شەرقولئەوسەت"، لە ماوەی دوایی هەریەك لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە دوای یەك سەردانی عێراقیان كردووە، لە سەردانەكان دوو داوایان لە عێراق كردووە، یەكەمیان گۆڕانكاری لە پلانی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت، كە عێراق 30ی ئەیلوولی داهاتووی وەك دوا وادە بۆ چەكدانانی میلیشیاكان دیاری كردووە، هەروەها تاران داوای كەمكردنەوەی لیستی تۆمەتبارانی بە گەندەڵی كردووە، كە كەسانێكی سیاسی و حكوومەتی تیادایە پێوەندیی بەهێزیان لەگەڵ سوپای پاسدارانەوە هەیە.
بەپێی سەرچاوەكان حكوومەتی عێراق گۆڕینی پلانەكانی سەبارەت بە داماڵینی چەك و راوەدوونانی گەندەڵكاران رەت كردووەتەوە و ئەوەی بە تاران راگەیاندووە و داواشی لێ كردووە كە بەرپرسانی ئێران لە سەردانەكانیان بۆ عێراق پێشێلی رێگە و كەناڵە فەرمییەكان نەكەن، واتە سەردانەكانیان فەرمی بێت و كۆبوونەوەی نهێنی تیادا نەبێت، وەك ئاماژە بۆ سەردانەكانی قائانی، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی عێراق ئەو زانیارییانەی دووپات نەكردووەتەوە.