فراكسیۆنی سوودانی: دەبێت رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەمووان بگرێتەوە

:: PM:04:58:06/07/2026 ‌

دوای لە هەفتەی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كرد و ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتار و بەرپرسی حكوومەتی گیران، كاردانەوەكان بەرانبەر بە هەڵمەتەكە جیاواز بوون، شەقام و بەشی زۆری هۆز و هێزە سیاسییەكان پاڵپشتییان لە هەڵمەتەكە كرد، هاوكات بەشێك لە هێزە سیاسییەكان ترسیان لە فرەوانبوونی هەڵمەتەكە هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، كە پێ دەچێت زۆرینەی تۆمەتباران لەو هاوپەیمانیەتییە و حكوومەتی سوودانییەوە نزیك بن، دووپاتی پاڵپشتیكردنی لە رێوشوێنەكانی حكوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راوەدوونانی گەندەڵكاران و هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی كردەوە، هاوكات بە پێویستیان زانی لێكۆڵینەوەكان هەموو دۆسییەكان بێ جیاوازی بگرێتەوە.

ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی هاوپەیمانیەتییەكە لە پەرلەمانی عێراق رایان گەیاند كە گرتن و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان لە دۆسیەكانی گەندەڵی، لەناو هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، هەنگاوێكی گرنگە، دووپاتی متمانەی خۆیان بە دادوەری عێراق و بڕیارەكانی كردەوە و داوایان كرد بەیاننامەی دوایی پەرلەمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بكرێتە رێوشوێنی كردەنی.

هاوپەیمانیەتییەكە پێی وابوو كە كە ئەو قۆناغە پاڵپشتییەكی گەورەی سیاسی و جەماوەری هەیە، ئەوەش دۆخەكە بۆ هەڵدانەوەی دۆسیە گرنگەكانی گەندەڵی و چاكسازی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت دەرەخسێنێت، بۆیە دۆخەكە بۆ وەرگرتنی هەنگاوی رژدتر لەو دۆسیانە گونجاوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل