رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی بەردەوامە و هێشتا رابەری نوێ دیار نییە

:: PM:05:19:06/07/2026 ‌

ئەمڕۆ سێیەم رۆژە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە شەقامەكانی تارانی پایەتەخت بەردەوامە، لەناو هوتافلێدانی جەماوەری داوای تۆڵەسەندنەوە لە سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەكەن، لەوكاتەی تا ئێستە موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێران دیار نییە.

ئەمڕۆش كەژاوەی تەرمی خامنەیی لە شەقامەكانی تارانی پایەتەخت لەناو ئاپۆڕای جەماوەری خەمبار سووڕایەوە، تەرمەكە بە ئاڵای ئێران پێچرا بوو و لەگەڵ چوار تەرمی تری ئەندامانی خێزانی رابەری پێشووی ئێران، كە هاوكات لە هێرشەكەی 28ی شوباتی رابردوو لە تاران كوژرابوون، ئەوان بە بارهەڵگرێك بە هێواشی بە شەقامێكی سەرەكیی تاران لەناو رێوشوێنی توندی تەناهییەوە دەسووڕانەوە. 

كەژاوەكە بە شەقامی سەرەكیی نێوان هەردوو مەیدانی ئازادی و ئینقلاب بە درێژایی چوار كیلۆمەتر دەڕۆیشت، خەڵكەكەش لە لێواری شەقامەكە ئاڵای ئێران و دروشمیان لە دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل بەرز كردبووەوە و هوتافیان بۆ تۆڵەسەندنەوە بۆ كوژرانی رابەرەكەیان دەگوتەوە.

بڕیارە تەرمەكان بەرەو فڕۆكەخانەی میهر ئاباد بەڕێ بكرێن، سبەی دەبرێنە شاری قوم و دووسبەش بۆ نەجەف و كەربەلا بۆ سەر مەزارەكانی ئیمام عەلی و ئیمام حوسێن، بڕیارە مستەفا خامنەیی كوڕی گەورەی خامنەیی و مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بەشداری لە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی خامنەیی لە عێراق بكەن، پێنجشەمی داهاتووش تەرمی خامنەیی لە شاری مەشهەد لەناو مەزاری ئیمام رەزا، هەشتەم لە 12 ئیمامی شیعە بەخاك دەسپێردرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل