هاوكات لەگەڵ ئامادەسازییەكانی عێراق بۆ رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی لە نەجەف و كەربەلا، چەند رووداوێكی گەورە لە عێراق هەن، دوو هەڵمەتی فرەوانی داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەڕێوە دەچێت و بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران سەردانی ئەمەریكا بكات و چاوی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە بكەوێت، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات زەیدی لەبارەی ئێرانەوە رێنوێنی بە بەرپرسانی عێراق داوە.
چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاماژەیان كرد كە سەرۆك وەزیرانی عێراق رێنوێنیی نهێنی داوەتە بەرپرسانی باڵای سیاسی و تەناهی و سەربازی بە پێویستی وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە بەر لە هەر جموجۆڵ و پێوەندییەك لەگەڵ ئێران، بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەو گشتاندنە تەنیا بەرپرسانی دەوڵەت ناگرێتەوە، بەڵكو سەركردەی حزب و گرووپە چەكدارەكانیش دەگرێتەوە، لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی بەرپرسانی عێراق بۆ ئێران لە رێگەی فڕۆكەخانە و درەوازە زەوینییەكان بێ وەرگرتنی رەزامەندیی لە حكوومەتەكەی.
رێنوێنییەكانی زەیدی ئەو بەرپرسانەی وریا كردووەتەوە بەوەی حكوومەتی عێراق لە كردنەئامانجیان لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل بەرپرسیار نابێت، بەوەش زەیدی دەیەوێ كۆتایی بە جموجۆڵ و هاتوچۆی سەركردە سیاسی و میلیشیاكان لە نێوان عێراق و ئێران لە دەرەوەی زانیاریی حكوومەت بێنێت، زەیدی دەیەوێ پێوەندییەكانی بەغدا و تاران پێوەندیی نێوان دوو دەوڵەت بێت، نەك سوپای پاسداران و هێز و میلیشیاكان و بە كەناڵی تایبەت و نهێنی.