نەخشەی رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی خامنەیی لە عێراق هاتە راگەیاندن

:: PM:06:17:06/07/2026 ‌

بڕیارە چوارشەمی داهاتوو كەژاوەی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران بگاتە هەردوو شاری نەجەف و كەربەلا، ئەمڕۆ دووشەم سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی نەخشەی رێوڕەسمەكە و ژمارەی كەژاوە بەشدارەكانی لە هەردوو پارێزگای نەجەف و كەربەلا ئاشكرا كرد و داوای كرد كە رێوڕەسمەكە بە سیاسی نەكرێت و بۆ مەبەستی سیاسی بەكار نەهێنرێت.

ئەمڕۆ سەعد معەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری نەجەف رای گەیاند كە تەواوی دامەزراوە تەناهییەكان لە جێبەجێكردنی پلانی تەناهی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی بەشداری دەكەن، دووپاتی كردەوە هیچ جۆرە رێگرییەك بۆ بەشداریكردنی هیچ كەسایەتییەك لە رێوڕەسمەكە نییە.

ئاماژەی كرد، درێژی رێڕەوی رێوڕەسمەكە لە شاری نەجەف شەش كیلۆمەترە و لە كەربەلاش 5.8 كیلۆمەترە، 351 كەژاوە و زیاتر لە سێ هەزار میدیاكاری عێراقی و عەرەبی و بیانی بەشداری لە رێوڕەسمەكە و رووماڵكردنی دەكەن.

بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە ئێوارەی سبەی سێشەم عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف پێشوازی لە تەرمی رابەری پێشووی ئێران بكات، میدیاكانی ئێرانیش ئاماژەیان كرد كە بڕیارە سبەی سێشەم ماڵباتی خامنەیی بگەنە پارێزگای كەربەلا بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمەكە، كە ئەمڕۆ سێیەم رۆژی سازكردنی رێوڕەسمەكەیەتی لە تاران.

بڕیارە تەرمی خامنەیی بەرەو فڕۆكەخانەی میهر ئاباد بەڕێ بكرێ و سبەی دەبرێتە شاری قوم و دووسبەش بۆ نەجەف و كەربەلا بۆ سەر مەزارەكانی ئیمام عەلی و ئیمام حوسێن، چاوەڕوان دەكرێت مستەفا خامنەیی كوڕی گەورەی خامنەیی و مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بەشداری لە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی خامنەیی لە عێراق بكەن، پێنجشەمی داهاتووش تەرمی خامنەیی لە شاری مەشهەد لەناو مەزاری ئیمام رەزا، هەشتەم لە 12 ئیمامی شیعە بەخاك دەسپێردرێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل