حەیە و مەشعەل كێبەركێی سەركردایەتیی بزووتنەوەی حەماس دەكەن

:: PM:07:15:06/07/2026 ‌

لە دوای هێرشەكەی بۆ سەر ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماس گەورترین گورزی گیانی و سەربازی بەر كەوت و كەرتی غەزە نیوچە وێران بوو، لە دوای كوژرانی ژمارەیەك لە سەركردە و فەرماندە باڵا سەربازییەكانی، ئێستە بزووتنەوەكە سەرقاڵی هەڵبژاردنی سەركردەیەكی نوێیە و كێبەركێیەكی بەهێز لە نێوان خەلیل حەیە سەرۆكی بزووتنەوەكە لە كەرتی غەزە و خالید مشعەل سەرۆكی پێشووی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەكە هەیە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك هەڵبژاردنی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس گەیشتووەتە قۆناغە كۆتاییەكانی، لەناو كێبەركێیەكی توندی خەلیل حەیە و خالید مشعەل، ئەوەش دوای ئەوەی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكە نەیتوانی ئەنجامەكان بۆ بەرژەوەندیی یەكێك لەو دوو سەركردەی بزووتنەوەكە یەكلا بكاتەوە، ئەوەش وای كرد پێویست بە گەڕێكی تری دەنگدان بكات.

هەر بەپێی سەرچاوەكان پرۆسەی هەڵبژاردن لەناو كەرتی غەزە بە نهێنی و لەناو رێوشوێنی توندی تەناهییەوە دەستی پێ كردووە، لە ترسی كردنەئامانجی بەشدارانی پرۆسەكە، تا ئێستە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكە لەناو كەرتی غەزە و لە بەری رۆژئاوای بەڕێوە دەچێت، دوای ئەوە دەچێتە ناو رێكخستن و ریزەكانی بزووتنەوەكە لە دەرەوە، بەر لە راگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی كۆتایی و ئاشكراكردنی ناوی سەرۆكی نوێی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، تا ئەوكاتیش لیژنەیەكی كاتیی سەركردایەتیی ئیدارەی كارەكانی بزووتنەوەكە لە قۆناغی گواستنەوە دەدات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل