بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی بگاتە كۆشكی سپی و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، توێژەرێكی عێراقی ئاماژە دەكات كە سەردانەكەی زەیدی دەبێتە وێستگەیەكی گۆڕانكاری بۆ عێراق لە ناوچەكە، بە هاوشێوەی ئەوەی لە دوای سەردانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا بۆ كۆشكی سپی لە 2025 رووی دا، كە بووە خاڵێكی گۆڕانكاریی سووریا لە سەربازگەی ئێرانەوە بۆ سەربازگەی ئەمەریكا.
عەقیل عەباس توێژەر لە كاروباری ئەمەریكا دەڵێت، سەردانی زەیدی بۆ واشنتن لە ئاماژە و مەبەستەكانی لە سەردانەكەی ئەحمەد شەرع نزیك دەبێتەوە، كە بووە وێستگەیەكی جومگەیی گۆڕانكاری لەو وڵاتە، كە تەوەری سەرەكیی سەردانەكە لە داڕشتنەوەی پێگە و ئاراستەی سووریا لە دەوڵەتێكی نەیار بۆ ئەمەریكا بۆ لایەنێكی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر و هاوبەش بۆ ئەمەریكا بەرجەستە بوو.
روونی كردەوە، ئێستەش خواستێكی هاوشێوەی ئەمەریكا بۆ عێراق و گۆڕانكارییەكی هاوشێوەی هەیە، ئەوەش لە رێگەی چەند هەنگاوێكی روون و كردەنی، لەوانە پڕۆژەی بەستنەوەی بە بۆرییەكانی نەوت، ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە، واشنتن لە دروستكردنی ئەو هاوپەیمانیەتییە لە نێوان بەغدا و واشنتن، دەیەوێ لە كاتی هەڵگیرسانی گەڕێكی تری شەڕ لەگەڵ ئێران، گرنگیی گەرووی هورمز و كاریگەرییەكەی كەم بكاتەوە.
بەپێی سەرچاوەكان، سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە 15ی ئەم مانگە دەست پێ دەكات و چوار رۆژ دەخایەنێت، چەند دیدارێك لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا لەخۆی دەگرێت، لەوانە لەگەل دۆناڵد ترەمپ و سەركردایەتیی هەردوو حزبی كۆماری و دیموكرات لە كۆنگرێس و نوێنەری كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمەریكی و دواتر سەردانی ویلایەتی تەكساس بۆ دیداری نوێنەری چەند كۆمپانیایەكی گەورەی بواری وزە دەكات.