وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەم ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا بە سەردانێك گەیشتە دیمەشقی پایەتەختی سووریا، لە یەكەم سەردانی سەركردەیەكی رۆژئاوا بۆ ئەو وڵاتە لەوەتەی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی 2024، بڕیارە لە سەردانەكە ماكرۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە.
وەك
"فرانس پرێس"، باسی كردووە، ماكرۆن لە سەردانەكەی كە تا رۆژی سێشەم بەردەوام دەبێت، داوای سووریایەكی ئازاد و فرەیی دەكات رێز لە هەموو پێكهاتەكانی بگرێت، هاوكات رۆڵێكی كارا لە هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینێت، پاڵپشتی لە سووریایەكی ئازاد و سەقامگیر و خاوەن سەروەری دەكات، جیا لە دووپاتكردنەوە لەسەر سەقامگیریی لبنان.
ئەمە و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە پێشوازی ماكرۆن بوو لە كاتی گەیشتنی بۆ دیمەشق، فڕەنسا وادەی گەیشتنی ماكرۆنی پێش نیشتنەوەی فڕۆكەكەی لە دیمەشق لەبەر هۆكاری تەناهی ئاشكرا نەكرد، ئەوە لەوكاتەی دوێنێ سەرۆكایەتیی سووریا رای گەیاند كە لە ماوەیەكی نزیك سەرۆكی فڕەنسا سەردانی سووریا دەكات.
ئەو سەردانەی سەرۆكی فڕەنسا بۆ سووریا یەكەم سەردانیەتی بۆ سووریا لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە كۆتایی 2024، سێیەم سەردانی سەرۆكێكی دنیایە بۆ سووریا لە دوای سەردانی هەریەك لە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر لە 2025 و ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا لە 2026.
بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی سووریا، لەو سەردانەی ماكرۆن بۆ سووریا ژمارەیەك وەبەرهێنەر و نوێنەری كۆمپانیا فڕەنسییەكان هاوەڵی دەبن، ئەوەش بۆ پتەوكردنی هاریكاریی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات، دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆكانی هەردوو وڵات لەسەر پەرەسەندن و دۆخی ناوچەكە و نێودەوڵەتی چڕ دەبێتەوە.
بەو سەردانە ماكرۆن دەبێتە یەكەم سەرۆكی فڕەنسا لە 2009ەوە سەردانی دیمەشق بكات، كە پێشتر نیكۆلا ساركوزی سەرۆكی پێشووتری فڕەنسا سەردانی سووریا كردبوو، هەروەها دەبێتە یەكەم سەركردەی وڵاتێكی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا سەردانی دیمەشق دەكات، ئەوەش لە دوای سەردانێكی ئەحمەد شەرع بۆ پاریس لە ئایاری 2025.