لەوكاتەی ئێران بە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن و بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئەو وڵاتە سەرقاڵە و رێوڕەسمەكە لە دوای یەك لە تاران و قوم و نەجەف و كەربەلا و مەشهەد دێتە سازكردن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڕەشەكردن لە ئێران بەردەوامە، ئەو تاران لە نێوان رێككەوتن و شەڕ سەرپشك دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم
ترەمپ لە كۆشكی سپی رووی لە ئێران كرد و بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، یان بە رێككەوتن دەگەین یان كۆتایی بە كارەكە دێنین، وەك ئاماژەیەك بۆ شەڕ، دووپاتی كردەوە كە كۆتاهێنان بە ئەركەكە زەحمەت نییە، بەڵام رێككەوتن باشترە، چونكە نامانەوێت زیان بە 91 ملیۆن كەس بگات، وەك ئاماژە بۆ گەلی ئێران.
روونی كردەوەن دەتوانین لە ماوەی یەك سەعات پردەكانیان بڕووخێنین و وزەیان لەسەر ببڕین، ئەگەر پارەیان پێ نەدەین، ئێستە هیچ بڕە پارەیەكیان نییە، بەڵام نامانەوێ رژێمی ئێران بگۆڕین و خواستی رێككەوتنێكی كۆتایی دەكەین، لە ماوەی رابردوو بەهێزترین گەمارۆی دەریاییمان خستە سەر بەندەرەكانی ئێران و یەك كەشتیی ئەو وڵاتە نەیتوانی بیشكێنێت.
ترەمپ دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران زۆر سەركەوتوو بوو و سوپای ئەو وڵاتەیان لەناو بردووە، ئاماژەی كرد كە نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و ئەمەریكا هەمان ئەنجامەكانی لە ڤەنزوێلای لە ئێران دووبارە كردەوە.
سەرۆكی ئەمەریكا رەخنەی لە رووماڵی میدیایی دەستكەوتەكانی دوایی ئەمەریكا گرت و دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا رووماڵی پێویستی میدیایی لەبارەی ئێرانەوە نییە، ئەگینا ئێمە لە رووی سەربازییەوە ئەوانمان لەناو بردووە و هێشتا بەهێزترین وڵات و خاوەن بەهێزترین سوپاین لە دنیادا.