كارەكانی لووتكەی هاوپەیمانی ناتۆ لە ئەنقەرە دەست پێ دەكات

:: PM:09:47:06/07/2026 ‌

بڕیارە سبەی سێشەم و چوارشەمی داهاتوو سەركردەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، لە ئەنقەرە ئامادەی لووتكەی هاوپەیمانیەتییەكە ببن، ئەوەش لەناو گوشارەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ زیادكردنی خەرجی بەرگری و ئاڵۆزییەكان لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە شەڕی ئێران و دۆسیەی گرینلاند.

ئێستە دۆخی ناو هاوپەیمانی ناتۆ بەهۆی رەخنە بەردەوامەكانی دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە وڵاتانی ئەوروپا باش نییە، سبەی سەركردەكانی 32 دەوڵەتی ئەندام لە هاوپەیمانیەتییەكە، لەوانە ترەمپ ئامادەی لووتكەكە دەبن، پێشبینی دەكرێت ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا و لی جی میونگ سەرۆكی كۆریای باشوور و ئەنتۆنیۆ كۆستا سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا و ئۆرسولا ڤۆن دیرلاین سەرۆكی كۆمسیاری ئەوروپا لە خوانێكی ئێوارەی لەگەڵ سەركردەكانی ناتۆ ئامادە بن.

لە لووتكەكە سەرانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن ترەمپ رازی بكەن بەوەی ئەوان پابەندی بەڵێنەكانیان كە لە لووتكەی لاهای لە ساڵی رابردوو داویانە، كە باسی تەرخانكردنی 5%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە لە بوجەی بەرگری و زیادكردنی رێوشوێنەكانی پێوەست بە بواری بەرگری تا ساڵی 2035 دەكات، ئەوان وەبەرهێنانیان لە كەرتی سەربازی زیاد كردووە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆكراینا دووپات دەكەنەوە و بەڵێنی پێشكەشكردنی یارمەتی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەدەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل