وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرای كرد، گفتوگۆكان بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لە نێوان واشنتن و تاران دەست پێ ناكەن و سەركەوتوو نابن، ئەگەر ئەمەریكا بەردەوام بێ لە هەڕەشەكردن.
دوێنێ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جارێكی تر هەڕەشەی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و گوتی، ئەوان لە بەردەم دوو بژارەدان، یان رێككەوتن یان تەواوكردنی ئەركی لەناوبردنی یەكجارەكی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران.
لە بەرانبەر ئەو هەڕەشەیەی ترەمپ، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕی
ئێكس نووسیویەتی، دانوستانەكان دەست پێ ناكەن و ناتوانین بگەین بە رێككەوتنی كۆتایی، ئەگەر ئەمەریكا بەردەوام بێ لە هەڕەشەكان و ڕێزی واژووی خۆی نەگرێت.
هەڕەشەی ترەمپ و وەڵامدانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتێكدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم، ئێران بەلایەنی كەم بە دوو مووشەكەوە هێرشی كردە سەر دوو كەشتی لە ئاوەكانی گەرووی هورمز و زیانی مادیی زۆری پێگەیاندن، بەرپرسێكی ئەمەریكی ئەمەی بۆ پێگەی "ئەكسیۆس" پشتڕاست كردەوە و دەستەی چاودێری بازرگانی دەریاوانی بەریتانیایش، دووپاتی لە هێرشكردنە سەر كەشتییەك لە كەناراوەكانی سوڵتاننشینی عومان كردەوە.