ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای دەكات، لە نزیك گەرووی هورمز هێرش كراوەتە سەر كەشتی ودیانی سعوودی و زیانێكی زۆری بەركەوتووە، تا ئێستەیش هیچ لایەنێك بە فەرمی لێدوانی لەسەر ئەو رووداوە نەداوە.
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، ئاژانسی رۆیتەرز لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاریی ئەوەی وەرگرتووە، كەشتییەكی نەوتی بە ناوی ودیان كە ئاڵای سعوودیەی بەرز كردووەتەوە، لە كەنارەكانی سوڵتاننشینی عومان لە نزیك هورمز، تەقینەوەكی تێدا رووی داوە، ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە كەشتییەكی گازی سروشتی قەتەری لە هەمان ناوچە هێرشی كراوەتە سەر.
رۆیتەرز باس لەوە دەكات، كەشتیی ودیان زیانێكی زۆری بەركەوتووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی مارین ترافیك، لە سێی تەمووز شوێنی كەشتیی ودیان دیاری كراوە. لەبارەی زیانەكان و هۆكاری تەقینەوەكەیش هیچ زانیارییەك ئاشكرا نەكراوە و بەرپرسانی سعوودیەیش لێدوانیان نەداوە.